ئەم یاریزانە عێراقییە سەرنجی جیهانی بۆ خۆی راكێشاوە

:: AM:09:07:10/01/2019 ‌

موهەنەد كازمی هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق لە یەكەم دەركەوتنیدا لە جامی ئاسیای 2019 بەهۆی پێشكەشكردنی ئاستە بەرزەكەیەوە بۆتە جێگەی سەرنجی پارزەوینی ئاسیا و هەموو جیهان.

هەڵبژاردەی عێراق پێرێ سێشەم لە یەكەم یاریی كۆمەڵەی چوارەمی جامی ئاسیا بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ لە هەڵبژاردەی ڤێتنامی بردەوە.

لە یارییەكەدا موهەنەدی تەمەن 18 ساڵ كە بە (میمی) ناسراوە و لە ریزی یانەی شوڕتە یاریی دەكات، ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و گۆڵی یەكەمی هەڵبژاردەی عێراقیشی تۆمار كرد كە گۆڵی یەكسانبوونەوە بوو دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ڤێتنامی بە هەڵەی بەرگریكارێكی تیپی بەرامبەر گۆڵی پێشكەوتنی تۆمار كردبوو.

موهەنەد لەلایەن هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراقەوە بە باشترین یاریزانی یارییەكە هاتبووە دەستنیشانكردن و هەروەها سەرنجی هەموو جیهانیشی بۆ خۆی راكێشابوو.

بێگومان لە یاریی داهاتووشدا چاوەكان زیاتر لەسەر ئەو هێرشبەرە لاوەی هەڵبژاردەی عێراق دەبن كاتێك رۆژی شەمووی داهاتوو لە گەڕی دووەمی كۆمەڵەی چوارەمدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی یەمەن دەبێتەوە.

موهەنەد لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا سەركەوتنەكەی هەڵبژاردەی عێراقی پێشكەش بە سەرجەم هاونیشتمانیانی وڵاتەكەی و سوپا و شەهیدەكان كردبوو، جەختیشی كردبووە كە تیپەكەیان ركابەرێكی ئاسان نابێت لە پاڵەوانیەتییەكەدا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م