رۆناڵدۆ وادەی گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەی پورتوگال ئاشكرا كرد

:: AM:09:17:10/01/2019 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و هێرشبەری یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی وادەی گەڕانەوەی بۆ ریزی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی ئاشكرا كرد.

رۆناڵدۆ هاوینی ساڵی رابردوو دوای دەركردنیان لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا بەشێوەیەكی كاتی وازی لە یاریكردنی ناودەوڵەتی هێنابوو.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی رایگەیاند: بڕیاری دووركەوتنەوەم لە ریزی هەڵبژاردەی پورتوگال گران و زەحمەت بوو، بەڵام هەوادارانم دڵنیا دەكەمەوە كە ئەمساڵ لە 2019 دووبارە دەگەڕێمەوە.

لەبارەی جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید و پەیوەندیكردنی بە یانەی یۆڤێنتۆسەوە لە هاوینی رابردوو، رۆناڵدۆ رایگەیاند: لە راستیدا لە شاری تۆرینۆ بەشێوەیەكی زۆر جوان پێشوازییەكی گەرمیان لێ كردم.

هەروەها رایگەیاند: نازانم كەی بەیەكجاری واز لە یاریكردنی تۆپی پێ دێنم، بەڵام ئێستا باشم و بڕیاریشمداوە بۆ ماوەی چەند ساڵێكی تریش لە یاریكردن بەردەوامبم.

جێی باسە رۆناڵدۆ ئێستا لە ریزبەندی یەكەمی گۆڵكارانی خولی ئیتاڵیا دێت بە تۆماركردنی 14 گۆڵ، لەگەڵ یانەی یۆڤێنتۆسیش بەكۆكردنەوەی 53 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكاندایە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م