مانچستەر سیتی بە 9 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنا

:: AM:09:44:10/01/2019 ‌

یانەی مانچستەر سیتی تاڕادەیەكی زۆر لە گەیشتن بە یاریی كۆتایی جامی یانە پیشەگەرەكانی ئینگلیزی نزیك بووەوە دوای ئەوەی شەوی رابردوو بە 9 گۆڵی بێ وەڵام سەركەوتنی بەسەر یانەی بێرتن ئەلبیۆن بەدەستهێنا.

شەوی رابردوو یانەی مانچستەر سیتی لە یاریی چوونی قۆناغی پێش كۆتایی جامی یانە پیشەگەرەكانی ئینگلیزی لەنێو یاریگەی ئیتیحاد مێوانداریی یانەی بێرتن ئەلبیۆنی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامێكی گەورە و بە 9 گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە.

بەهۆی ئەم سەركەوتنە گەورەیە یانەی مانچستەر سیتی ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی تۆمار كرد و بووە یەكەم یانە لە مێژوودا لە دوو یاریی لەسەریەكدا زۆرترین گۆڵ تۆمار بكات دوای ئەوەی لە یاریی رابردوویدا شەمووی رابردوو لە جامی یەكەتیی ئینگلیزیدا بە 7 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی رۆتیرهام یونایتدی بردبووەوە.

ئەم ئەنجامە گەورەترین سەركەوتن بوو كە یانەی مانچستەر سیتی لە مێژوودا تۆماری كردبێت و پێشتریش لە ساڵی 1982 بەرامبەر یانەی هێدرسڤێڵد تاون بە ئەنجامی 10-1 سەركەوتنیان بەدەستهێنابوو.

گۆڵەكانی یانەی مانچستەر سیتی لە یارییەكەدا لەلایەن یاریزانان گابریێل خیسوس 4 گۆڵ (سوپەر هاتریك) لە خولەكانی 30، 34، 57 و 65، كیڤن دی بڕۆین لە خولەكی 5، زینشینكۆ لە خولەكی 37، فودین لە خولەكی 62، كایل وۆكەر لە خولەكی 70، ریاز محرز لە خولەكی 83 هاتبوونە تۆماركردن.

پێرێ سێشەمیش لە یارییەكی تری چوونی قۆناغی پێش كۆتایی جامی یانە پیشەگەرەكانی ئینگلیزی یانەی تۆتنهام لەنێو یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 1-0 گۆڵ لە یانەی چێڵسی بردبووەوە.

بڕیاریشە یاریی گەڕانەوەی نێوان مانچستەر سیتی - بێرتن ئەلبیۆ و چێڵسی – تۆتنهام لە رۆژی 22ی ئەم مانگە بێنە ئەنجامدان.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م