ریال مەدرید بەنهێنی گفتوگۆ لەگەڵ مۆرینۆ دەكات

:: AM:10:14:10/01/2019 ‌

بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشێوەی نهێنی گفتوگۆكانیان لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی دەست پێ كردووە بەمەبەستی گەڕانەوەی بۆ ریزی ینەكەیان.

رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بەخۆی پەیوەندی بە مۆرینۆوە كردووە بۆ ئەوەی رازی بكات بیگەڕینێتەوە ریزی یانەكەی و لە شوێنی سانتیاگۆ سۆلاری ئەركی راهێنەرایەتی تیپەكەی پێ بسپێرێ.

پێرێز دەیەوێ بەزووترین كات مۆرینۆ رازی بكات ببێتە راهێنەری تیپەكەیان بەر لەوەی بگەنە قۆناغەكانی یەكلاكەرەوە لە خولی ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەتایبەتیش كە ئێستا بەكۆكردنەوەی 30 خاڵ لە ریزبەندی پێنجەمی یانەكانی خولی ئیسپانیایە و رەنگە لە داهاتووشدا كێشەیان لە جامی شای ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بۆ دروست ببێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی شاهانە لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو ئەركی راهێنەرایەتی تیپەكەی سپارد بە سانتیاگۆ سۆلاری لە شوێنی جولین لۆپیتیگی و راهێنەرە نوێیەكەش لە كۆتایی ساڵی رابردوو توانی ناسناوی جامی جیهانی یانەكان بۆ یانەكە بەدەستبێنێ.

مۆرینۆ پێشتر بۆ ماوەی 3 وەرز لەنێوان ساڵانی 2010 تا 2013 راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی كردبوو و لەو ماوەیەشدا توانیبووی دوو ناسناوی خولی ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیا بەدەستبێنێ.

بێگومان ئەگەر مۆرینۆ رازی بێت ببێتە راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەبێت دەستبەرداری سەرجەم مافە داراییەكانی لەگەڵ یانەكەی پێشووی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی ببێت كە چاوەڕێ دەكات بڕی 15 ملیۆن پاوەن وەربگرێ بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م