ئەمڕۆ هەولێر بەرامبەر زەوڕا یاری دەكات

:: AM:11:10:10/01/2019 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم سەعات 1:30ی دوای نیوەڕۆ، یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریری مێواندرایی یانەی زەوڕا دەكات.
یارییەكە لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی جامی عێراقە بۆ تۆپی پێ.

یانەی هەولێر شەمووی رابردوو لەنێو یاریگەی ئەمانەی بەغدا لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی جامی عێراق بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی زەوڕا یەكسان ببوو.

یانەی هەولێر دوای ئەوەی گۆڕانكاری لە ستافی راهێنەران كرد و نازم شاكری كردە راهێنەر و هەروەها تیپەكەشی بە چەد یاریزانێكی نوێ تۆكمە كرد، لە سێ یاریی رابردوویدا ئاست و ئەنجامی باشتر بووە.

یانەی هەولێر داوای لە هاندەران كرد لە یارییەكەی ئەمڕۆدا بەڕێژەیەكی زۆر بێنە نێو یاریگەوە و هانی تیپەكەیان بدەن بۆ ئەوەی ببنە یاریزانی ژمارە یەك لەنێو یاریگەدا.

جێی باسە یانەی هەولێر لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق دوای ئەنجامدانی 13  یاریی ئێستا بەكۆكردنەوەی 16 خاڵ لە ریزبەندی 9ی یانەكان دێت، یانەی زەوڕاش ئاست و ئەنجامی لەو باشترە و بەكۆكردنەوەی 28 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی یانەكاندایە و 2 خاڵ لە دواوەی یانەی شوڕتەی پێشەنگەی خولەكەیە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م