ماوەی هەفتەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی هاتنی چەند كۆستەرێك لە ژن بۆ چەند شارۆكەیەكی هەرێمی كوردستان بڵاو بووەتەوە گوایە بۆ بەشوودان هاتوون. پۆلیسی شوێنەكانیش زانیاری نوێ لەسەر گرتنی ئەو كەسانە ئاشكرا دەكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 10ـی كانوونی دووەم، ڕائید سەعدوون نەبی گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هاتنی كۆستەرێك ژن و گرتنیان لەلایەن پۆلیسی سۆران دوورە لە ڕاستی و هیچ شتێكی لەو شێوەیە نییە.
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران گوتی، هاتنی چەند كۆستەرێك لە ژن و هێنانیان و بەشوودانیان ڕاستییەك نییە لەسەر ئەو بابەتە، كوردیش هەر خۆی دابونەریتی ڕێی پێ نادات كاری لەو شێوەیە بكات.
هاوكات سەرچاوەیەك لە پۆلیسی هەولێر بۆ "وشە" گوتی، ئەو دەنگۆیانە هیچ ڕاستییەكیان تێدا نیە لەسەر هاتنی كۆستەرێك لە ژن بۆ بەشوودان.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، گرتن و هاتنی لەلایەن پۆلیسی هەولێر بەهەموو شێوەیەك ڕەت دەكەینەوە و ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستی.
ڕۆژی سێشەم هەشتی كانوونی دووەم، كرمانج عزەت قایمقامی سۆران بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هاتنی پاسێك لە ژن بۆ بەشوودان، لە سنوورەكە سەرجەم هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش خرانە ئامادەباشی و دەستیان بەدواداچوون كرد.
قایمقامی سۆران گوتی، تا ئەمڕۆ بەیانی لە سەرجەم هەوڵەكانی ئەنجام دراوە هیچ شتێك لەو بابەتە نییە و لە بەدواداچوونی خۆشمان بەردەوام دەبین، هەروەها دەبێ ئەوەیش بزانین سنوورەكە شوێنێكی گەشتیارییە دروستكردنی دەنگۆ لەسەری ئەگەرە.
ئاشكرای كرد، نە دابونەریت و هیچ ئاكارێكی مرۆیی ئەوە قبووڵ ناكات كارێكی لەو شێوەیە بكرێت و ناشكرێت، چونكە كورد هەمیشە بەوە ناسراوە دابونەریتێكی جوانی بەخۆیەوە هەیە.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی هاتنی پاسێك لە ژن بۆ سنووری سۆران بڵاو بووەتەوە گوایە بۆ بەشوودان هێنراون، ئەوەیش هاووڵاتییانی ئەو سنوورەی نیگەران كردووە.