ئامانجی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئەسەد ئاشكرا دەبێت

:: PM:02:50:10/01/2019 ‌
دوای بڕیاری كشانەوەی سوپای ئەمەریكا، تا دێت دۆخی سووریا ئاڵۆزتر دەبێت و هاوكێشەكانی ئەو وڵاتە گۆڕنكاری گەورە بە خۆیانەوە دەبینین. یوسی كۆهین بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی لەگەڵ بەرپرسانی چەند وڵاتێكی عەرەبی تاوتوێی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەسەد كردووە بۆ رێگرتن لە هەژموونی توركیا و كردنە دەرەوەی ئێران لە سووریا.

لە راپۆرتێكیدا كە ئەمڕۆ پێنجشەم بڵاو كراوەتەوە، ماڵپەڕی "میدل ئێست ئەی ئێن" ئاشكرای دەكات، یوسی كوهین بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی ئیمارات و سعوودیە و میسر كۆ بووەتەوە و تاوتوێی چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی توركیا لە ناوچەكە و سووریا، هەروەها پرسی دەركردنی ئێران لە سووریایان كردووە.

دەیڤد هیرست بەڕێوەبەری نووسینی "میدل ئێست ئەی ئێن"ی بەریتانی كە نووسەری راپۆرتەكەیە، دەڵێ سعوودیە و ئیمارات و میسڕ، بەهاوكاری ئیسرائیل پلانێكیان داڕشتووە كە پوختەكەی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانە لەگەڵ ئەسەد و بەخێرهاتنەوەیەتی لە كۆمكاری وڵاتی عەرەبی بە ئامانجی پەراوێزخستنی هەژموونی هەرێمایەتی توركیا و ئێران لە ناوچەكە و سووریا.

هێما بۆ ئەوەش دەكات ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە وەك وەڵامدانەوەیەكی دیار وایە لە ساردوسڕی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و سعوودیە لەسەر پرسی كوژرانی خاشقچی لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو لەناو كونسوڵخانەی سعوودیە لە توركیا، كە ئەنكەڕە كردوویەتیە بەهێزترین كارتی گوشار لەسەر سعوودیە.

چوار وڵاتەكە لەسەر پلانێكی دیپلۆماسی نهێنی رێككەوتوون لەو كۆبوونەوەیەی كە مانگی رابردوو لە پایتەختی وڵاتێكی عەرەبی بەسترا، تێیدا گەورە بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری هەر چوار وڵات تێیدا بەشدار بوون لەوانە یوسی كوهین بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ئیسرائیل.

لێدان لە هەژموونی توركیا
هیرست لە راپۆرتە شیكارییەكەیدا لە بارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باس لە زانیارییە نهێنییەكانی ناو كۆبوونەوەكە دەكا و دەڵێ، چوار وڵاتەكە لە كۆبوونەوەكەیاندا باسیان لەوە كردووە كە بەگژداچوونەوەی ئێران لە سووریا ئاسانترە و دەكرێت بە گورزی سەربازی هێرشی بكرێتە سەر، بەڵام هەژموونی توركیا بەهێزترە و تواناكانیشی زیاترە، ئەمەش وایكردووە هەر چوار وڵات توركیا پێش ئێران بخەن و بیكەن بە دوژمنی سەرەكییان لە ناوچەكەدا، بۆ ئەمەش تاوتوێی چەندان پلانیان كردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی توركیا.

ئیسرائیلییەكان لە كۆبوونەوە نهێنییەكەدا بە وڵاتانی عەرەبییان راگەیاندووە دەكرێت بە هێز لە ئێران بدرێت، بەڵام توركیا تواناكانی زۆر گەورەترن لە ئێران، كوهین لە كۆبوونەوەكەدا گوتوویەتی، هێزی ئێرانی لاوازە بەڵام هەڕەشەی راستەقینە لە توركیاوە دێت".

چوار وڵاتەكە پلانی چییان داناوە؟
لە بارەی پلانی چوار وڵاتەكە بۆ بەگژداچوونەوەی هەژموونی توركیا و ئێران، پلانیان داناوە یارمەتی دۆناڵد ترەمپ بدەن لە كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا و ئەفغانستان، وەك رێوشوێنی یەكەمیان. پلانی دووەمیان، یارمەتیدانی سوننەی عێراق وەك هەوڵێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی گەورەترین لیستی پەرلەمانی سوننە لە پەرلەمانی عێراق كە خۆی لە لیستی بەرەی نیشتمانی دەبینێتەوە، بۆ ئەمەش لەو كاتەی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە 17ی مانگی رابردوو سەردانی ریازی كرد، گوشاری زۆری لەلایەن سعوودیە خراوەتە سەر، ئەوەشیان بۆ پێشنیار كردووە كە دەبێت خۆی و لیستەكەی لە ژێر هەژموونی توركیا بە تەواوەتی بێنە درەوە، یانیش كەمی بكەنەوە.

گەڕانەوەی ئەسەد وەك چارەسەر
رێوشوێنی سێیەم، بەگوێرەی راپۆرتە شیكارییەكەی هیرست، ئاساییكردنەوەی پێوەندی وڵاتانی عەرەبییە لەگەڵ سووریا و بەشار ئەسەد، هەروەها پێشوازی كردن لە دیمەشق لە دانیشتنەكانی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش لە رێی بەستنی پێوەندی دیپلۆماسی لە نێوان ئەو سێ وڵاتە كاریگەرە عەرەبییە لەگەڵ رژێمی ئەسەد.

بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ بەشار ئەسەد، ئەوان رێككەوتوون كە پەیامێك بگەیەنن، چونكە ئەسەد لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەكەی بە تەواوەتی پشتی بە ئێران و حزبوڵای لبنانی بەستووە كە تاران پشتگیری لێ دەكات.

بژاردەی سێیەم، پێ دەچێت قورس بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بەرپرسێكی وڵاتانی كەنداو لە بارەی كۆبوونەوەكە و ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەسەد رای گەیاند، ئاسان نییە سەرۆكی سووریا پێوەندییەكانی لەگەڵ ئێران ببڕێت، ئەو دەیەوێت ئێران بەكار بهێنێت بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، نەك وڵاتانی عەرەبی ئەو بەكار بهێنن بۆ بڕینی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئێران.

پێوەند بەو پەیامەی كە سێ وڵاتە عەرەبییەكە دەیەوێت بیگەنن بە ئەسەد، بەرپرسەكە ئاماژەی بەوە دا كە پەیامەكە ئەوەیە ئەسەد بگەڕێتەوە سەر رێچكەی باوكی لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران، لایەنی كەم لەگەڵی لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشێت نەك تەنیا گوێیان لێ بگرێت و بڕیارەكانیان جێبەجێ بكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكان، میسر لە كۆبوونەوەكەدا داوای ئەوەی لە ئەسەد هەبووە كە توركیا و قەتەڕ و ئیخوان موسلیمین بە دوژمنی خۆی بناسێنێت.

لە بەرانبەر خواستی وڵاتانی عەرەبی، ئەوان ئامادەن باوەش بۆ سووریا لە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی بكەنەوە و پشتگیریشی بكەن لە سەركوتكردنی ئۆپۆزسیۆنی چەكدار لە باكوری سووریا كە توركیا پشتگیری دەكات.

چارەنووسی كورد لە هاوكێشەكەدا
بەگوێرەی زانیارییەكان، سعوودیە و ئیمارات و میسڕ لەگەڵ ئیسرائیل تاوتوێی پرسی كوردیشیان لە سووریا كردووە وەك رێوشێوین چوارەم، ئەویش بە یارمەتیدانی كوردەكان ئەگەر توركیا لەشكركێشی بكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان، هاوكات یارمەتی پەكەكەش بدەن لە قەندیل و سنووری توركیا.

بەهێزكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەشێك دەبێت لە هەوڵەكانی گوشار لەسەر توركیا و بەرژەوەندییەكانی ئەنكەڕە لە كوردستان و عێراق، بۆ ئەمەش بەرپرسانی وڵاتانی كەنداو و سعوودیە بە تایبەت بەو رێوشوێنانە رازی بوونە لە پێناو لاوازكردنی هەژموونی توركیا لە ناوچەكەدا.

هیرست نووسەری راپۆرتەكە ئاشكرای دەكات كە ئیسرائیل پێوەندی راستەوخۆی لەگەڵ بەشار ئەسەد هەیە لە رێی بازرگانە عەلەوی و مەسیحییەكانی سووری وەك ناوەندگیر.


وشە - فه‌رمان سادق