ئایا ئاژەڵان و باڵندەكانیش پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن؟

:: AM:10:38:26/12/2016 ‌

خۆكوشتن، ئەوپەڕی بێ هیوایی و دۆشدامانە بەرامبەر ژیان بە گشتی و ئەوەی لە دەوروبەری مرۆڤ دەگوزەرێ، چۆكدادانە بەرامبەر پێشهات و ئەگەرە دوور و نزیكەكان، هەڵهاتنە لە هەوڵی تێكشكاندنی بەربەرستی نائومێدی و ترسانە لە هەڵشاخان بە چیای كێشەكان و نەوێرانە لە پەڕینەوە بە رووباری خەم و بێزاریدا، هەستكردنە بە لاتەریككردن و كەمبایەخكردن و ئازاردان و ڕەنجباركردن و ستەم لێكردنیان. خۆلەناوبردن، زادەی خەیاڵكورتی و بیركزی و چەوتڕوانینە، بە گشتی بریتییه لە خۆهەڵدانە‌ نێو چاڵی نائومێدی.
ئەوەی روونە، خۆكوشتنی مرۆڤە و ئەوە گومان هەڵناگرێ، هۆی جیاجیا وا لە مرۆڤ دەكەن پەنا بۆ خۆفەوتاندن ببات، ئەوەی لێرەدا دەخرێتە ژێر سەرنجی زانستی و ریاڵیتییەوە، ئەو پرسیارەیە، ئایا ئاژەڵان و باڵندەكانیش پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن؟

ئایا ئاژەڵان خۆیان دەكوژن؟
گۆڤاری "تایم"ی ئەمەریكای، بابەتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئەوەی خستووەتە ڕوو كە زۆر ئاژەڵ بەهۆی جیاوازەوە، خۆیان دەكوژن.
ریچارد ئۆباری لێكۆڵەری ئەمەریكایی و راهێنەر و چالاكیكاری بواری ئاژەڵان بانگەشەی ئەوە دەكات كە بەر لە 40 ساڵ، دۆلفینی (كاسی)ـی بینیوە خۆی كوشتووە. ئەو دەڵێ، دوانیگای ماڵئاوایی كرد و هەناسەی راگرت و خۆی خستە قووڵایی ئاوی تانكییەكەوە. ئەوەیشی گوتووە كە ئەو خۆكوشتنە، كاریگەرییەكی قووڵی لەسەر جێ هێشتووە و بۆی دەركەوتووە دۆلفین كە ناتوانن بەرگەی ژیان بگرن، خۆیان دەكوژن.



چیرۆكی خۆكوشتنی ئاژەڵان، لەسەر زاری ئەرستۆی فەیلەسووفیشەوە باس دەكرێت، كە ئەسپێك خۆی لە كەندەڵانێك فڕێ داوەتە خوارەوە، دوای ئەوەی بۆی ئاشكرابوو كە هەڵەی كردووە و لەگەڵ دایكیدا سێكسی كردووە، ئەو چیرۆكە لەلایەن زاناكانەوە لە سەردەمی شاژن ڤیكتۆریا بە درێژی گەنگەشەی لەسەر كراوە.

بەندكردن لە بەندگە (قەفەس)ـ‌دا
دێنكان وێڵسۆن، مێژوونووسی پزیشكی لە زانكۆی مانچستەری بەریتانی، ئاماژەی بەوە كردووە، مامەڵەی خراپ و لە قەفەسنانی باڵندە و ئاژەڵان، پێوەندیی بە خۆكوشتنیانەوە هەیە.

رۆمانەكان لە رابردوودا، وایان لە بابەتی خۆكوشتنی ئاژەڵان دەڕوانی، كە كارێكی سروشتییە و دەربڕی نەجابەتیانە، هەروەها رێزیان لەو ئاژەڵانە دەگرت كە لەكاتی پێویستدا خۆیان دەكوشت، وەك ئەسپ.

لە بەرامبەر ئەوەدا، تۆماس ئەكویناس (قەدیس)، وای دەبینێت خۆكوشتنی مرۆڤ تاوانە، بەڵام خۆكوشتنی ئاژەڵان، كارێكی مەحاڵە و دەڵێ "بوونەوەرەكان خۆیان خۆش دەوێ و خۆڕسكانە ژیانیان خۆش دەوێت، بۆیە مەبەستی خۆكوشتنیان نییه".



گۆڤاری تایمی ئەمەریكی، ئاماژەی بەوەش‌ كردووە كە لە ساڵی 1845ـدا، سەگێك چەند جارێك هەوڵی دا خۆی لە ئاودا نقووم بكات و خۆی بخنكێنێت، تا تووشی ماندووبوون و شەكەتبوون هات، لە كۆتادا گەیشتە ڕازەكەی و خۆی خنكاند. هەرچەندە خاوەنەكەی جاری یەكەم رزگاری كرد و بەستیەوە، بەڵام نەیتوانی رێ لە ئامانجەكەی بگرێت، هیچ هۆكارێكیش بۆ خۆكوشتنی نەدۆزرایەوە.

بەشێك لە زانایانی ئەو بوارە پێیان وایە، بەشێك لە ئاژە‌ڵان، ئەگەر هەیە بیر لە خۆكوشتن بكەنەوە و ئەو كارە بكەن، وەك مراوی، پشیلە، قازقوڵینگ، دووپشك، دەشڵێن كە دووپشك، كاتێك چواردەوری گیراوە، جا دوژمن بێ یان ئاگر، لە پشتەوە بە خۆیەوە دەدات، ئەمە لە كاتێكدایە بۆچوونی وەهایش هەیە دووپشك، بەو ژەهرە هیچ كاریگەر نابێ، تەنانەت ژەهرەكەیان بۆ ئەوانی تری هەمان ماڵباتیش كاریگەری دروست ناكات، بۆچوونەكە لەبارەی خۆكوشتنی دووپشكەوە، وەهایە كە بە زەبری چزووەكەیان خۆیان دەكوژن.

باڵندە و جۆرێكی مشك بەكۆمەڵ خۆیان دەكوژن
ساڵانە، لە كاتێكی دیاریكراودا لە رۆژئاوای نەرویج، جۆرێكی مشك‌ بە كۆمەڵ خۆیان بە لووتكەی چیایەكی بەرزدا دەكێشن و گیانیان دەردەچێت.

هاوكات جۆرە باڵندەیەكیش بە ناوی (كەركەز)‌، كاتێك خراوەتە نێو قەفەسەوە و دەرگەی لەسەر داخراوە، سەری بە دیواری قەفەسەكەدا كێشاوە، تا ئەوكاتەی لەپێناو ئازادیدا مردووە، یان وای كردووە ئازادی بكەن.

هەروەها دیاردەیەكی نامۆ لە گوندێكی باكوری هیندستان بەناوی (گاتینگا) هەیە، كە یەكێكە لە سەیرترین دیاردەكانی خۆكوشتنی باڵندەكان، بینراوە، بە جۆرێك ساڵانە لە نێوان مانگی نۆ و 11ـدا، رێك لە كات حەوت بۆ 10ـی بەیانی، هەموو رۆژێك سەدان باڵندە خۆیان بە خانوو و باڵاخانە‌ و دارە گەورەكاندا دەكێشن و خۆیان دەكوژن.



داڕمان و ترس و تەنیایی هۆی خۆكوشتنیانە
ئاژانسی مێدل ئێست‌ ئۆنلاین، راپۆرتێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە، تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە سەگ تووشی هەندێ جۆرێ نەخۆشی وەك وەسوەسەی خەم دەبێ و بەهۆیەوە لە برینەكەی خۆی دەدات، هەندێ باڵندەی وەك تووتیش بەهۆی هەمان بارەوە، پەڕوباڵی خۆی بە دەندووكی لێ دەكاتەوە و تەنانەت كەلوپەلە چنراوەكانی دەوروبەریشی شیتەڵ دەكات. هەروەها هەندێ باڵندە هەن بە دەنووكیان، جەستەیان هەڵدەكۆڵن و پێستیان كون دەكەن و تووشی خوێنبەربوون دەبن. هەندێ جۆری مەیموون، ئەو كاتەی تووڕە دەبن، تووشی خرۆشان دەبن و هەندێ جووڵەی شێتانە دەكەن.

هەندێ ڕەوتاری ئاژەڵان كە بەرئەنجامێكی پێشهاتێكە، بێویستی خۆیان خووی پێوە دەگرن و لە رووی زانستییشەوە ئەنجامێكی یەكلاكەرەوە دەست نەخراوە، بەتایبەت ئەوانەی بەند دەكرێن بۆ مەبەستی پیشەسازی فەروە (پێست)، بەهۆی خەم و گوشار و قەرەپەستانی زۆرەوە، تووڕە دەبن و جاری وا هەیە بۆ چەند سەعاتێكی زۆر هەمان جووڵە بەبێ هیچ ئامانجێك دووبارە دەكەنەوە‌، تەنانەت هێرش دەكەنە سەر ئەو ئاژەڵانەی تری نێو هەمان قەفەس و هەندێك جار یەكتر دەكوژن.

زۆر شرۆڤەی تری زانستی جیاواز و دژبەیەك لەبارەی هۆی خۆكوشتنی ئاژەڵانەوە خراونەتە ڕوو، بە گشتی ئەو دیاردەیە جێی بایەخی ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و لێتوێژینەوەی زانستی بووە، كە تێكۆشاون بۆ زانینی هۆكارە راستەقینەكانی پشت خۆكوشتنی ئاژەڵان، تا رۆڵیان هەبێ لە راگرتنی دیاردەكە، یان كەمكردنەوەی.



بەشێك لە لێكۆڵەران، ئاماژە بەوە دەكەن كە هۆی ئەو ڕەوتارانە، بۆ هەستكردن بە تەنیایی، یان دەمارگرژی یان بێزاری و ترس و خراپخۆراكی دەگەڕێتەوە، بەشێك لە زاناكانی ئاژەڵناسی پێیان وایە كە ئەو جووڵە و مامەڵە ناباو و سەیرانە، رێگە و فاكتەرێكن كە ئاژەڵان بۆ هێوربوونەوەی دەروونیان، پەنای بۆ دەبەن و هەوڵێكه بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگە و پێشهاتە تازە و لە ناكاوەكان.

بەڵام لەبارەی خۆكوشتنی هەندێ جۆر ئاژەڵەوە، هۆی جیاواز هەیە و چەمك و واتەی خۆكوشتنی ئاژەڵان، لەوەی لای مرۆڤ هەیە جیاوازە، مرۆڤ بە مەبەستی كۆتاهاتنی ژیانی، خۆی دەكوژێ، بەڵام هەندێ ئاژەڵ ناتوانن بە هەمان شێوە بیر بكەنەوە، هەندێ بار هەن ئاژەڵان بە شێوەیەكی سەیر تێیاندا دەمرن و زۆر لە خۆكوشتن دەچێت، تا ئێستەیش دیاردەی خۆكوشتنی ئاژەڵان روون نییە و مشتومڕی زۆر لە نێوان زاناكان لەبارەی دیاریكردنی هۆكار و پاڵنەرەكانی ئەو پرۆسەیە هەیە، بەتایبەت كە بەم دواییە ئەو دیاردەیە گەشەی كردووە.

بەشی زۆری شارەزایانی بایۆلۆژی (زیندەوەرزانی) پێیان وایە كە ئاژەڵان بە گشتی، بەرامبەر خۆكوشتنی ئەنقەست لاوازن و ناتوانن ئەو كارە بكەن، بەڵام بەشێكی نەهەنگەكان خۆیان دەكوژن و ئەمەیش گرینگترین دیاردەیە لە زیندەوەرزانیدا، كە تا ئێستەیش‌ نهێنییەكی لێڵ و ناڕوونە و زانایان بە دیارییەوە دۆش داماون، هەموو ساڵێك هەزاران نەهەنگ خۆیان فڕێ دەدەنە كەنارەكانی دەریا و دەمرن، زانایان چەند هۆكارێكی نادڵنیایان بەدەستەوە داوە، بۆ تێگەیشتن لەم ڕەفتارە، یەكێك لەو پاڵنەرانە ئەوەیە كە وایان لێك داوەتەوە، نەهەنگەكان هەستكردن بە ئاراستەكان لە دەست دەدەن، ئەوەیش لە بەرئەنجامی خۆرنەبینی (رۆژگیران)ـە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیش هۆكارێكی ترە. هاوكات نەهەنگ بە ژەهرە كیمیایی و بایۆلۆژییەكانی نێو دەریاكان هەستیارن و هەروەها نەخۆش دەكەون و نەخۆشەكە توانای زانینی ئاراستەكان لەكاتی كۆچی ساڵانە لە دەست دەدات، جاری وا هەیە رێنیشیاندەرەكەیان نەخۆش دەكەوێ، بۆیە كە ئەو رێی لێ تێك دەچێ، ئەوانی تریش بەدوای ئەوەوەن و هەمان چارەنووسیان دەبێت و دەگەنە وشكانی و دەمرن. هەروەها نەهەنگ بە شەپۆلە كورتەكانی سۆناری كەشتیی پشكنین و پاكسازی مین، كاریگەر دەبێ و تووشی سەرلێشێوان دەبێ و كاریگەریی لەسەر جووڵەی دادەنێت، ئەمانه گریمانەن‌ لە بەرئەنجامی لێكۆڵینەوەیە لە چەند حاڵەتێك، بەڵام تا ئێستە هیچ كەسێك بە دروستی نەیزانیوە نهێنی خۆكوژی بەكۆمەڵی نەهەنگەكان چین، كە لە چەند رۆژێكی دیاریكراوی ساڵدا، دەچنە كەنار دەریا و دەمرن.



لەو كاتەی لە كەناراوەكانی باشووری ئەفریقا 24 سەعاتی بەردەوام لە هەوڵدا بوون بۆ رزگاركردنی 55 نەهەنگی گەورەی خۆكوژ‌، بەڵام 11 لەوانیان رزگار كرد و ئەوانی تریان كوشت. پۆلیسی شاری كاب رای گەیاندووە كە زۆر هەوڵ دراوە لە كەناراوەكان دوور بخرێنەوە بەرەو قووڵایی ئاوەكە، بەڵام نەیانتوانی، چونكە لەبارێكی ماندووبوونی زۆردا بوون و كفت بووبوون و نەیاندەتوانی مەلە بكەن، بۆیە بە فیشەك كوشتنیان، بە جۆرێك هەر نەهەنگێك فیشەكێكیان لە مێشكیان دەدا و بە چەند چركەیەكی كەم دەمردن. لە ساڵی 2011ـیشدا، 61 نەهەنگ گەیشتنە كەناراوەكانی ئۆقیانووسی نیوزلەندا و مردن، لە 2009ـیش هەمان پێشهات رووی دا.

خۆكوشتی چەند ئاژەڵێكی تر
چەند ئاژەڵێكی تریش خۆیان دەكوژن و هۆی ئەوانە دیار و جێگیرە، بۆ نموونە فیل كاتێك نەخۆش دەكەوێت، خۆی لە پۆلە هاوڕێكەی دوور دەخاتەوە و خۆی لە خواردن بە دوور دەگرێت تا دەمرێت. كەروێشك كاتێك هەست بە ترسی زۆر دەكات، هیچ ناخوات تا دەمرێت، خۆ ئەگەر بێچووی هەبێ، دەیخوات، لە ترسی ئەوەی دوای خۆكوشتنی، ناتوانێت بە تەنیا بژی.



بەراز، تووڕەیی و خۆگریی بەرامبەر پێشهاتێكی مەترسیدار، بە جۆرێكە كاتێك كەسێك پاڵی دەدات بۆ نێو ئاوەكە، بە چەپۆڵكەكانی شادەمارەكانی خوێن و دڵی دەبڕێ و خۆی دەكوژێ. 

هەڵۆ كاتێك نەخۆش دەكەوێت و پیر دەبێ، چاوەڕوانی مردن ناكات و خۆی دەكوژێ، باز كاتێك بزانێ دەكەوێتە ژێر دەست، خۆی دەكوژێت.

شایەدحاڵێك لە توركیا، ئەوەی بینیوە كاتێك هەزار و 500 مەڕ لە قەفەسێكدا بوون لە یەكێك لە چیاكانی توركیا، یەكەم مەڕیان لە بەرزی 20 مەترەوە خۆی فڕێ دایە خوارەوە، دوای ئەو، ئەوانی تر خۆیان فڕێ دایە خوارەوە و 400 مەڕیان مردن، ئەوانی تریش بەهۆی كەوتنیان بەسەر ئەو مەڕانەی پێشتر خۆیان هەڵدابوو، بەڵام نەمردن. تا ئێستە هیچ وردەكارییەك لەو ڕووەوە ئاشكرا نەكراوە. مێیینەی ورچ، خۆی لە خواردن دەگرێت تا دەمرێت و هۆكارەكەیشی نەزانراوە.

لە 2011ـیش لە دوورگەی كۆرۆماندیای نیوزیلەندا، هەزاران ماسیی سوور گەیشتنە كەناراوەكانی دوورگەكە و چاویان هەڵكەنرابوو، راوچییان سەریان لەو پێشهاتە سوڕ ما، دواتر راگەیانرا كە بەهۆی برسێتییەوە خۆیان كوشتووە. لە 2005ـیش هەزاران ماسیی كەلماری، خۆیان گەیاندە كەناراوەكانی ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمەریكا، ئەوەی سەیر بوو ئەوان لە قووڵایی 700 مەتر لەژێر ئاوەوە بوون، زانایان ئەوەیان بۆ ژەهراویبوون گەڕاندەوە، بەڵام ئەوە روون نەكراوەتەوە بۆچی تەنیا ئەو جۆرە ماسییە مردن و ئەوانی تر وایان بەسەر نەهات. لە 2005ـیشدا هەزاران بۆق لە دانیمارك و باكوری ئەڵمانیا بینران كە لاشەیان كیسی كرد و تەقینەوە‌، زانایان ئەو پێشهاتەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە ئەو بۆقانە جۆرێك لە تۆو، یان میكرۆبیان هەڵگرتبوو كە بووە هۆی ئاوسان و دروستبوونی كیس و تەقینەوەیان.



لە كردارێكی سەیر و هۆشبەردا، مارێك كە دەزانێت خواردنی پێویستی دەست ناكەوێت، كلكی قووت دەدات بەش لە دوای بەش، هەندێكیش بۆ ئەوەی دەگەڕێننەوە، ئەو كارە بەرئەنجامی پێدانی دەرزی و پێكوتەی زیادەیە كە وای كردووە كۆنتڕۆڵی خۆی لە دەست بدات.

پردی شەیتان و خۆكوشتنی سەگ
پردی شەیتان تەمەنی 100 ساڵە و دەكەوێتە شاری میڵتۆنی سكۆتلەندا‌، ئەو ناوەی بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی خۆكوشتن لەسەر ئەو پردە‌ لێ نراوە، ئەوەی سەیرە 50 سەگی خانەوادەی لیپرادۆر لە ماوەی چەند ساڵێكدا لەوێوە خۆیان كوشتووە. بەشێك لە شارەزایان پێیان وایە هۆی ئەو رووداوە، بوونی ڕێژەیەكی زۆری مشك و سمۆرەیە لەژێر پردەكەدا، سەگه ‌خۆكوژەكان هەوڵ دەدەن پێیان بگەن، بەڵام دەرك بە بەرزیی پردەكە ناكەن و دەبێتە هۆی مردنیان.

وشە/ مامەیارە ئەحمەد






















وشە - تایبه‌ت