یەكێتی لە داواكردنی پەنجا بە پەنجا لە كابینەی داهاتووی حكوومەت پەشیمان بووەوە

:: PM:07:02:10/01/2019 ‌
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕای گەیاند، لە داواكردنی پەنجا بە پەنجای پشكەكانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان پەشیمان بوونەتەوە و تەنیا داوا دەكەن بەشداری ڕاستەقینەی حكوومەت بكەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 10ی كانوونی دووەم، سمكۆ ئەسعەد راوێژكاری یاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكەنەوە.

ئەو راوێژكارەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت: "یەكێتی داوای پەنجا بە پەنجای بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەكردووە و ناشیكات، بەڵام دەمانەوێ‌ هاوبەشی ڕاستەقینە بین".

ئەوە لەكاتێكدایە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشتر بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانییەوە داوای لە پارتی كردبوو گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان دوا بخات.

پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە و دووجار لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆبووەتەوە بۆ ئەوەی بەشداریان لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان پێ‌ بكات، بەڵام هێشتا یەكێتی لەناوخۆی ڕێك نییە و بەرنامەیەكی بۆ گفتوگۆكان ئامادە نەكردووە ئەوەیش هۆكار بووە بۆ دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان.

جێی بیرهێنانەوەیە كە مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی كوردستان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم