ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له لایه‌ن گرووپی خیانه‌تكارانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه روونكردنه‌وه ده‌دات و ده‌ڵێت، "هه‌ر ئه‌وانه بوون ده‌یانگوت په‌ڕۆیه‌ك چییه شه‌ڕی له‌سه‌ر بكه‌ین".
عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند، گرووپی خیانه‌تكارانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و كوڕه‌كانی شێخ جه‌نگی به ئاڵای كوردستانیان ده‌یاگوت عه‌یبه له‌سه‌ر پارچه په‌ڕۆیه‌كی كێشه دروست بكه‌ین، به‌و قسه‌یه‌یان له 16ی ئۆكتۆبه‌ردا برینی ئه‌و خه‌ڵكه‌یان گه‌وره‌تر كرد.
زیاتر گوتى، دانانی پارێزگار له ژێر چنگی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه عێراقییه‌كان وه‌ك ئه‌وه وایه كوردێك له ژێر چنگی به‌عسدا بێت. عه‌لی عه‌ونی ده‌ڵێت، "گرووپی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ویستیان له‌گه‌ڵ توركمان و حه‌شدی شه‌عبی رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له پۆسته‌كه‌ی لاده‌ن، به‌ڵام كه سه‌رنه‌كه‌وتن هاتن ئه‌و سیناریۆیه‌یان دروست كرد كه ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گا حزبیه‌كانیان هه‌ڵكه‌ن تا ئه‌و شسكته‌یان بشارنه‌وه و ئاسۆ مامه‌ندیش ئه‌وه‌نده بێگه‌رد نییه".
عه‌ونى گوتى، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی رازی نییه له هه‌ڵوێستی كاڵفامانه‌ی لاهوور و بافڵ و ئاراس جه‌نگی بۆچی ده‌ریان ناكه‌ن و پێویسته چیتر ئه‌و هه‌رزانه بڕیاره‌كانى ناو یه‌كێتى نه‌ده‌ن.
هاوكات هه‌ریاد ئه‌حمه‌د دانیشتوویه‌كی شاری سلێمانییه و بۆ "وشه" گوتی: "ئه‌گه‌ر ئاسۆ مامه‌ند راست ده‌كات و په‌رۆشی ئاڵای كوردستانه بۆچی له 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌رگای بۆ حه‌شدی شه‌عبی كرده‌وه و كه‌ركووكیان به ده‌سته‌وه‌دا، بۆچی ئه‌وكات ئاڵای كوردستانیان به بێ نازی له شه‌قامه‌كانی كه‌ركووك فڕێداو عه‌ره‌ب سوكایه‌تیان پێ كرد".
گرووپى خیانه‌تكارانى ناو یه‌كێتى هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى شكسته‌كانیان بشارنه‌وه و بۆ ئه‌وه‌یش ئه‌مجاره موزایه‌ده‌ى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له كه‌ركووك ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ده‌یان شكستیان هێناوه و له هه‌وڵى لابردنى ڕێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووكیش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.