لە كۆی سێ هەزار و 500 دۆسیەی گەندەڵی 18 دانە جووڵێنراوە

:: AM:10:41:26/12/2016 ‌

ژمارەی ئەو دۆسیانەی لەسەر گەندەڵی گەیشتوونەتە دادگەی عێراق، گەیشتووەتە سێ هەزار و 500، بەڵام لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، تەنیا 18 دۆسیە بەرز كراونەتەوە و جووڵێنراون.

لە بەیاننامەیەكدا كە محەحەد سەلمان دادوەری یەكەمی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە كە ئەمساڵ ژمارەی ئەو دۆسیانەی گەیشتوونەتە دادگا، بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە و ئاستی بەئەنجامگەیاندنی ئەو سكاڵایانە لە دادگاكە زۆر بەرزە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتووەتە نزیكەی سێ هەزار و 500 دۆسیە.

ئەوەشی خستە ڕوو كە دادگا، سكاڵای تایبەت بە گەندەڵی و بەفیرۆدانی داهاتی گشتی بەدەست دەگات و بەدواداچوون بۆ هەموویان دەكات و هیچ كامیان فەرامۆش ناكرێن، ئامارێكی مانگانەش هەیە كە لەوبارەیەوە لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە بڵاو دەكرێتەوە.

لە بەیاننامەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو كە لە كۆی ئەو سێ هەزار و 500 دۆسیەی گەندەڵییەی ئەمساڵ، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەرێی هەموو ئەندامان و لیژنەكانیەوە، تەنیا 18 دۆسیەی تایبەت بە گەندەڵی جووڵاندووە.





وشە - كوردۆ شابان