ئێزدییه‌كی ئه‌ڵمانی له‌ زیندانى په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال گیانی له‌ده‌ست دا

هاووڵاتییه‌كى ئێزیدی دواى چه‌ندان ساڵ ژیان له‌ ئه‌ڵمانیا بۆ سه‌ردان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شنگال، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌لایه‌ن گرووپێكى چه‌كدارى په‌كه‌كه‌وه‌ ده‌گیرێت و له‌ زیندانێكى په‌كه‌كه‌ له‌و شارۆكه‌یه‌ گیان له‌ ده‌ست ده‌دات.

چیرۆكى گیان له‌ده‌ستدانى ئه‌و هاووڵاتییه‌ كوردی-ئه‌ڵمانییه‌ به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ چه‌ندان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاووڵاتیی "گ . ب" به‌ خێزانه‌وه‌ ڕوو له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ن، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و هاووڵاتییه‌ بۆ سه‌ردان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شنگال، به‌ڵام له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌ به‌تۆمه‌تی ئازاردانی منداڵێك گیراوه‌ و پێش دوو ڕۆژ له‌ زیندانییه‌كه‌ى په‌كه‌كه‌ گیانى له‌ ده‌ستداوه‌ و ته‌ره‌مه‌كه‌یشى دراوه‌ته‌وه‌ كه‌سوكارى كه‌ گومان ده‌كرێ له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا گیانى له‌ ده‌ستدا بێ.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردانی ئێزدی له‌ شنگال، زانیارییه‌كانى "وشه‌"ى پشتڕاستكرده‌وه‌ و ڕاى گه‌یاند، ئه‌و هاووڵاتییه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ شنگال و كێشه‌ی خێزانیشی هه‌بووه‌، به‌ڵام كه‌ هاتووه‌ بۆ شنگال له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ گیراوه‌ و له‌ زیندانى ئه‌وان گیانى له‌ ده‌ستداوه‌ كه‌ گومانى زۆر له‌سه‌ر گیان له‌ ده‌ستدانه‌كه‌ى هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ى ناو هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردانى ئێزیدى زیاتر گوتى، كاری  په‌كه‌كه‌ نییه‌ له‌و سنووره‌ خه‌ڵك بگرێت و له‌ناو زیندان بیكوژێ، بۆیه‌ پێویسته‌ ڕێككارى یاسایى له‌ به‌رانبه‌ریان بگیرێته‌ به‌ر. چونكه‌ وه‌ك ئه‌و دووپاتی كرده‌وه‌ "په‌كه‌كه‌ هێزێكی یاسایی نییه‌ نه‌ له‌ كوردستان نه‌ له‌ عێراق و مافی ئه‌وه‌یشی نییه‌ خه‌ڵك بخاته‌ زیندانه‌وه‌، بۆیه‌ دۆسییه‌كه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ نایاسایی و سه‌رپێچییه‌".

 له‌ دوای خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017 چه‌ندان جۆری هێزى چه‌كدار له‌ شنگال په‌یدا بوون، له‌وانه‌ په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌شه‌ و حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق و و ده‌یان میلیشیای تر، به‌رده‌وامیش ئه‌و هێزه‌ میلیشیایانه‌ سته‌م له‌ خه‌ڵكى ده‌كه‌ن و به‌ده‌یان كه‌سیش كوژراون و كه‌س نازانێت چۆن ده‌كوژرێن.

بۆ به‌رده‌وامیدان به‌و پێشێلكارى و كوشتنانه‌ حه‌شدى شه‌عبى و په‌كه‌كه‌ ڕێ ناده‌ن ئه‌نجوومه‌نى شه‌رعى شنگال بگه‌ڕێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى مه‌حما خه‌لیل قایمقامى شنگال به‌ "وشه‌"ى گوت.

عومه‌ر ساڵح كه‌سایه‌تی نزیكی په‌كه‌كه‌ و سه‌رۆكی حزبی دیموكراتی ئێزدی، بۆ "وشه‌" هه‌واڵه‌كه‌ی پشتراست كرده‌وه‌ و ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو كه‌ ئه‌و هاووڵاتییه‌ خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگای "بۆرگه‌" و چووه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا به‌هۆى كێشه‌ى خێزانى گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال گیرا و هه‌ر له‌و زیندانه‌ گیانی له‌ده‌ست داوه‌.

وشه‌/ دهۆك - تایبه‌ت 


وشە - تایبه‌ت


AM:08:12:11/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌