ئێران.. كوردێك به‌ 26 ساڵ زیندانی سزادرا

:: AM:10:00:11/01/2019 ‌
یەکێک لە گیراوه‌كانى زستانی ڕابردووی شاری کرماشان لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای بەندکرانی  بەسەردا سەپێندراوە و ئێسته‌ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە راگیراوە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو به‌ پشتبه‌ستن به‌ ڕاپۆرتێكی ناو بەندیخانەی دێزڵئاوی کرماشان، نووسیوویه‌تى: "هاووڵاتییەکی خەڵکی قەسری شیرین بە ناوی کیانووش قەهرەمانی کە یەکێک لە چالاکانی په‌یڕەوی ئایینی کاکەیی، ماوەی ساڵێکە کە لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە، لە کاتی خۆپێشاندانەکانی زستانی ڕابردووی کرماشان کە هاوکات لە دەیان شاری ئێران بەڕێوەچوو، گیرا و بۆ ماوەی چوار مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگیراوە".

ئەو چالاکە یارسانییە، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی" سزای 26 ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و  ئێسته‌ لە بەندی ئاسایشی بەندیخانەی دێزڵئاوای شاری کرماشان ڕاگیراوە و سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیەتی.

لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی رابردوو، زیاتر لە 300 هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران کە ناسنامەی 200 کەس لەوانە ئاشکرا بووە.


وشە - محەمەد میران