بەشێك لە گیراوانی سلێمانی چارەنووسیان دیار نییە

:: AM:11:37:12/01/2019 ‌
دوێنێ ئێوارە لە كاتی پەخشكردنی فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر ژیانی ساكینە چانسز، ئاسایشی یەكێتی زیاتر لە ٧٠ ئەندام و بەرپرس و لایەنگری تەڤگەری ئازادی لە سلێمانی گرت، برای یەكێك لە گیراوەكان دەڵێت خوشكەكەی و 20 ژنی تر دیار نەماون لە گرتووخانە.

ئەمڕۆ شەموو 12 كانونی دووەم, محەمەد عەبدوڵا هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان بە "وشە"ـی راگەیاند، دوێنێ ئێوارە لە شاری سلێمانی لە كاتی پەخشكردنی فیلمێكی دیكۆمێنتاری كە باس لە ژیانی ساكینە جانسز دەكات، ئاسایشی یەكێتی هەڵیكوتاوەتە سەر ئەندامان و لایەنگران تەڤگەر.

ئەو بەرپرسەی تەڤگەر گوتی، لە گرتنی لایەنگران بەو هۆیەوە زیاتر لە 70 ئەندام و بەرپرس و لایەنگری تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان كە بەشێكیان ژن و منداڵیان پێ بووە گیراون لە لایەن ئاسایشی یەكێتی و براون.

ئاشكرای كرد، هەندێك لە ژنە گیراوەكان منداڵ بچووك و خاوەن منداڵی تازە لە دایكبوویان پێ بوو، بۆ ئەوەی زیاتر شەرمەزار نەبن ئەوان ئازاد كراون، بەڵام تا ئێستە تارا حوسێن و چەند ئەندامێكی باڵای تەڤگەر لەگەڵ لایەنەگران كە نزیكەی 50 كەس دەبن، ئازاد نەكراون و لە گرتووخانەدان.

هاوكات سۆران حوسێن برای تارا حوسێن بڵاوی كردووەتەوە، چارەنووسی تارا لەگەڵ 20 ژنی تر كە دوێنێ ئاسایش لە سلێمانی گیران دیار نییە و نازانرێ لە كوێ بەندن، هەروەها پیاوە گیراوەكانیش لە گرتووخانەی كانی گۆمەن كە منداڵێكی تەمەن سێ‌ ساڵانیان لەگەڵە بەند كراون.

لە هەفتەی ڕابردوو هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی دەرگەی سینەما سالمیان داخست و ڕێگرییان كرد لە نمایشكردنی فیلمێك، ئەوەیش كاردانەوەی زۆری لێ كەوتەوە و بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری سلێمانی داخستنی ئەو سینەمایەی بە هۆكاری بەرتەسكردنەوەی ئازادییەكان ناساند.

ڕۆژی چوارشەم 28ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2018، سینەما سالم لە شاری سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، هاووڵاتییان و هاوشارییان و وەك ئاگادارن، بڕیار بوو لە ١/١٢/٢٠١٨ بە دواوە فیلمی كوردیی ١٤ی تەمووز لە دەرهێنانی هاشم بایدەمێر، لە سینەما سالم نمایش بكرێت. وەك دەزانین ناوەڕۆكی ئەم فیلمە لەبارەی بەرخۆدانی چەند گیراوێكی سیاسیی باكوری كوردستانە كە لە ساڵانی هەشتا و‌ لەژێر ئەشكەنجەی دڕندانەی ڕژێمی فاشیستی توركیادا، خەبات دژی ستەم دەكەن؛ كە ئەمە قەدەری هەمیشەیی گەلی كورد و هەموو ئازادیخوازانی دنیا بووە، دژ بە سیستەمە شمولی و فاشیستەكان لە هەر كوێ و لەژێر هەر پاساوێكدا. لە درێژەی ئەم سیاسەتە فاشیستییەدا، ئەمڕۆ لە لایەن ئاسایشی گشتیی سلێمانییەوە پێوەندیمان پێوە كرا و پێیان ڕاگەیاندین كە ''بە هیچ شێوازێك ڕێ نادەین ئەم فیلمە نمایش بكرێت''.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - رامیار جەواد