بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی تا ئێستا 5 جار پەیوەندی بە یانەكەی پێشووەیەوە كردووە بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن دووبارە بیگەڕێننەوە.
نیمار لە هاوینی 2017 بە گرێبەستێك كە بە هاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو وەك گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا ریزی یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییەوە كرد.
سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاندبوو كە نیمار پەشیمانە لە بڕیاری جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنە و پێیوایە یانەی پاریس سان جێرمان هیچ پڕۆژەیەكی وەرزشی بۆ پێشخستنی تیپەكەی نییە وەك ئەوەی ریكلامی بۆ دەكات.
رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی ئاشكراشی كرد: باوكی نیمار كە بەڕێوەبەری كارەكانییەتی راستەوخۆ پەیوەندی بە جۆسیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەوە كردووە و پێی راگەیاندووە كە كوڕەكەی ئارەزووی گەڕانەوە بۆ نێو یاریگەی كامپ نوو دەكاتەوە.
جێی باسە نیماری تەمەن 26 ساڵ لە هاوینی 2013 لە یانەی سانتۆسی بەڕازیلییەوە پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنە كرد و لەگەڵ ئەو یانەیەشدا 8 ناسناوی بەدەستهێنابوو كە گرینگترینان سێ ناسناوە گەورەكەی وەرزی 2014-2015 بوو.