ریال رازی بووە ئیسكۆ بدات بە یۆڤێنتۆس، بەڵام بە مەرجێك؟

:: PM:02:39:12/01/2019 ‌

یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی هەموو هەوڵێكی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ مەبەستی گرێبەستكردن لەگەڵ ئیسكۆ ئەلاركۆنی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.

رۆژنامەی (توتو سپۆڕت)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید رازی بوونە ئیسكۆ بدەن بە یانەی یۆڤێنتۆس، بەڵام بەمەرجێك.

مەرجەكەش ئەوەیە كە لەبەرامبەر پێدانی ئیسكۆ، پاولۆ دیبالای هێرشبەری ئەرجەنتینی لە یانەی یۆڤێنتۆس وەربگرن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ئیسكۆ لە وەرزی ئەمساڵدا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دۆخی باش نییە بەتایبەتیش لەسەر دەستی سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەردا كە لە زۆربەی یارییەكانی لەسەر كورسی یەدەگ هێشتوویەتییەوە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە نرخی ئێستای ئیسكۆ لە بازاڕای یاریزاناندا 80 ملیۆن یۆرۆ دیاری كراوە و لەبەرامبەریشدا نرخی دیبالا بە 100 ملیۆن یۆرۆ خەمڵێنراوە.

سەرچاوەكە جەختیش كردەوە كە یانەی ریال مەدرید لاریشی نییە لە گۆڕینەوەی ئیسكۆ بە ئەلێكس ساندرۆی بەرگریكاری بەڕازیلی یانیش میرالیم بانیچی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاست لەگەڵ یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م