لایەنە باشی و خراپەكانی هاتنی مۆراتا بۆ یانەی بەرشەلۆنە


لەچەند رۆژی رابردوودا لەسەر لاپەڕەی رۆژنامەكان دەنگۆیەكی زۆر بڵاو كراوەتەوە سەبارەت بە ئەگەری گرێبەستكردنی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لەگەڵ ئەلڤارۆ مۆراتای هێرشبەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی.

ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە كە یانەی بەرشەلۆنە ئێستا بەدوای هێرشبەرێكی نوێ دەگەڕێ بەهۆی گەورەبوونی لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی و فرۆشتنی مونیر حەدادی بە یانەی سڤیلییەی ئیسپانییەوە.

لەبەرامبەریشدا یانەی چێڵسی تاڕادەیەكی زۆر لە گرێبەستكردن لەگەڵ گۆنزالۆ هیگواینی هێرشبەری ئەرجەنتینی نزیك بووەتەوە و بەهاتنی ئەمیش شوێنی مۆراتا لەق دەبێت كە ماوەی دوو وەرزە نەیتوانیوە ئاستێكی شایستە لەگەڵ یانەكە لە خولی ئینگلیزی پێشكەش بكات.

لەمبارەیەوە رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی بەكورتی چەند لایەنێكی باشی گرێبەستكردنی یانەی بەرشەلۆنە لەگەڵ مۆراتا بڵاو كردەوە.

لایەنە باشەكان برێتین لەمانەی خوارەوە:-

1-    بچووكی تەمەنی مۆراتا كە ئێستا 26 ساڵە.

2-    توانایەكی سەرنجڕاكێش و رادەبەدەری لە تۆماركردنی گۆڵدا هەیە.

3-    شارەزاییەكی باشی لە خولی ئیسپانی هەیە و پێشتریش لە ریزی یانەی ریال مەدرید یاریی كردووە.

لایەنە خراپەكانیش برێتین لە:-

1-    شێوازی یاریكردنی مۆراتا لەگەڵ شێوازی یاریكردنی یانەی بەرشەلۆنە جیاوازە.

2-    یانەی بەرشەلۆنە بەدوای هێرشبەرێكدا دەگەڕێ كە توانی دەرچوون و لایەنی هونەری باش بێت و خێراش بێت.

3-    نرخەكەی بۆ یانەی بەرشەلۆنە زۆرە كە یانەی چێڵسی لەبەرامبەر كڕینیدا لە هاوینی 2017 بڕی 80 ملیۆن یۆرۆی خەرج كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


PM:02:52:12/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 105 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌