هەژاری بووەتە مەترسی و لە دیالە خەڵك بۆ 50 هەزار دینار دەكوژن

:: PM:03:57:12/01/2019 ‌
هەژاری دەبێتە مەترسی لەسەر خەڵكی پارێزگای دیالە، سەركردەی پۆلیسی ئەو شارەش دەڵێ لە دیالە خەڵك بۆ 50 هەزار دینار دەكوژن.

لیوا فەیسەڵ عەبادی سەركردەی پۆلیسی دیالە رای گەیاند كە هەژاری بووەتە گەورەترین ئاڵنگاری و مەترسی بۆ دۆخی تەناهی لە 2019، ئەمەش وایكردووە سەپاندن و سەقامگیری دۆخی تەناهی شارەكە پێوەندار بكرێت بە ئاستی بژێوی خەڵك.

گوتی "هەژاری ژینگەیەكی هەمەجۆری مەترسیداری لە شارەكە رەخساندووە و بووەتە پاڵنەرێك كە گەنجان دووچاری لادان بكات، رێكخستنەكانی گرووپە توندڕۆكان و بكوژەكان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و بەشێك لەوان بەهۆی كوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل بەرانبەر بە 50 هەزار دینار گیراون كە لەلایەن گرووپە توندڕۆ و تیرۆریستییەكان بەكار هێنراون بۆ رشتنی خوێنی هاووڵاتییانی سڤیل".

بەڕێوەبەری پۆلیسی دیالە ئاماژەی بەوە دا، لە دیالە ناتوانی بەسەر گرووپە توندڕۆ و تیرۆریستییەكانی سەربكەوی تا بەسەر هەژاریدا سەر نەكەویت، چونكە هەژاری گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر مەترسیدار و بووەتە گەورەترین ئاڵنگاری لە شارەكە بۆ ساڵی 2019، ئەگەر چارەسەری ئەو دۆخە بە پەلە نەكرێت، ئەوا گرووپە تیرۆریستییەكان دەرفەتی بێ كاری و هەژاری دەقۆزنەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێنداكانی خۆیان و كوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل.

جێی باسە دیالە یەكێكە لەو شارانەی كە داعش لە 2014 بەشێكی لێ داگیر كرد، هاوشانی مووسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدین و باشووری كەركووك و هەندێك ناوچەی تری بەغدا.



وشە - فه‌رمان سادق