ئێران پلانی 2019 بۆ حەشدی شەعبی دەنێرێت
بەپێی لێدوانی چەند سەرچاوەیەكی ناو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فەرماندەیەكی سەربازی ئێران سەردانی خورماتووی كردووە و پلانی كاری 2019ی بۆ هێناون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت لە چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە بە "وشە" دراون، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نوێنەری عەلی خامنەیی سەردانی شارۆكەی خورماتووی كردووە بەمەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی داخراو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای میلشیا شیعەكانی ناو شارۆكەی خورماتوو.
هەروەك زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 یەكەمجارە ئەو نوێنەرەی خامنەیی سەردانی خورماتوو دەكات و كۆبوونەوە بە میلیشیاكانی حەشد دەكات، هاوكات لەو كۆبوونەوەیەدا پلانی كاری حەشدیان بۆ ساڵی 2019 تاوتوێ كردووە.
لای خۆیەوە عەلی هاشم گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە ناوچەكە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، سەردانەكە زیاتر بۆ بە ئاگابوونی بەرپرسانی ئێران بووە لە دۆخی شیعە توركمانەكانی خورماتوو، چونكە ئەوان هاوكاری ئێمە بوون لە جەنگی دژ بە داعش.
ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی سەردانەكەی بە ئاسایی پێناسە كرد و رای گەیاند، نوێنەرەكە ناوی موجتەبای حوسەینی و فەرماندەی پاسەوانی ئێرانیش یاوەری بووە.
گەرمین / سەبری هۆرێنی
وشە -
سهرخێڵ هاشم