ژنان داوا دەكەن لە كابینەی داهاتووی حكوومەتدا پۆستی باڵایان پێ بدرێت

:: PM:04:21:12/01/2019 ‌
ژنانی سلێمانی باس لە كێشە و گرفتەكانی خۆیان دەكەن و دەخوازن لە كابینەی داهاتوودا ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، حكوومەتی نوێ زیاتر گرنگی بە توانا و بەهرەی ژنان بدات و لە كایە سیاسییەكاندا ژنان بێنێتە پێشەوە و پۆستی باڵا و كاریگەریان پێ بدات.

ژیان سەعید شاعیر و چالاكی لە سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كێشەكانی ژن لەم كۆمەڵگەیەدا زۆرن، هەر لە كێشەی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و كولتووری و مەزەوی، لە هەموو ڕوویەكەوە لە كۆمەڵگە ستەمی گەورە لە ژنان كراوە بەهۆی دابونەریت و عەقڵی كۆنی پیاوسالاری، ئاستی پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك پێوەستە بە ئاستی ئازادیی ژنانەوە، هەر كۆمەڵگەیەك بیەوێت پێش بكەوێت، دەبێت ژنان ئازا و ئازاد بكرێن.

ئەو گوتی گرنگیدانی حكوومەت و كابینە یەك لە دوای یەكەكان لە ڕابردوودا بۆ ژن باش نەبووە، ئەوەتا لە كابینەی پێشوو تەنیا یەك ژن وەزیر بوو، بۆیە داواكارن لە كابینەی نوێ ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێ و ڕێژەی ژن لە وەزارەت و پۆستەكان زیاد بكرێن، هەروەها زۆر گرنگە كار بكرێت بۆ ڕێگریكردن لە توندوتیژیی ژنان، لەگەڵ دانانی چاودێرێك بەسەر كێشەكانی ژنان و كەیسەكانی كوشتن و سووتان.

ژیان سەعید دەڵێت، "دەمانەوێ لە كابینەی نوێ گرنگی زیاتر بە ژنان بدرێت و ئەو كابینەیە بێت كە ژن خۆی تێیدا ببینێتەوە، تواناكانی خۆی بخاتەگەڕ و ڕۆڵی سەرەكی بگێڕن لە پێناو وڵات و كێشەكان و شانبەشانی پیاوان كار بكەن لە دامەزراوەكان."

هاوكات كەژان مەحموود كە دەرچوویەكی زانكۆیە و پێی وایە، نایەكسانی ژن و پیاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی وا دەخوازێت بە رژدی كاری بۆ بكرێت، چونكە ناتوانن كار لەسەر ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگە بكەن، لە هەرێمی كوردستان بەردەوام هەوڵ دراوە كێشەی ژن چارەسەر بكرێت، بەڵام پێویستی بە هەوڵی گەورەتر هەیە تا زیاتر گرنگی بە تواناكانی ژن بدرێت.

بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ژن لە كۆمەڵگە، ئەو ژنە چالاكە بە پێویستی دەزانێ جیاوازی نەكرێت لە نێوان ڕەگەزی پیاو و ژن و یەكسانی لە نێوان پیاو و ژن هەبێت و بەتایبەت لە قوتابخانەكان گرنگی پێ بدرێت، هەموو چینەكانی كۆمەڵگە لە ڕێی چالاكییەوە وشیار بكرێنەوە كە ژن هۆكاری سەرەكی بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگەیە، لە هەموو بوارەكاندا كارئاسانییان بۆ بكرێت و ئاستەنگیان بۆ دروست نەكرێت بۆ ئەوەی بە ڕۆڵی خۆیان هەستن.

كەژان لە كابینەی نوێی حكوومەت چاوەڕێ دەكات و هیوادارە بەشێك لە پۆستە گرنگ و ئەوانەی كە پێویستیان بە بڕیاری رژد هەیە، ژنانیان لێ دابنرێ بۆ ئەوەی ژن ببێتە خاوەنی پۆست و بڕیاربەدەست بێت، هەروەها لە پێكهێنانی كابینەی نوێدا هەندێك لە وەزارەتەكان بدرێنە ژنان، چونكە بەدڵنیاییەوە لە هەر كۆمەڵگەیەك چارەسەری كێشەی ژن كرا، زۆر لە كێشە باوەكانی كۆمەڵگە چارەسەر دەكرێن و كۆمەڵگەیەكی تەندروست بەرهەم دێت.

لە لایەكی ترەوە نەزیرە عەزیزی پارێزەر لە سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كیشەی  ژن  لە كوردستان دوو بەشە، بەشێكیان پێوەندی بە ئاستی ڕۆشنبیری ژن خۆی هەیە وەك تاك، چونكە تا ئاستی  ڕۆشنبیری بەرز بێت، زیاتر پارێزراو دەبێت لە ڕووی بەركەوتەكانی ژیان و كۆمەڵگە، بەشەكەی تر پێوەندی بە حكوومەت هەیە، بۆ نموونە حكوومەت لە ڕابردوو دەیتوانی پلان  دابنێت كە باسی ژن و كێشەكانی بە تەواوی بنبڕ بكات، ئەویش پلانێك ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە بكات و لە خوێندن گرنگی پێ بدرێت، وەك بابەتی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی كە مرۆڤ وا ڕابهێنرێت ژن و پیاو پێكەوە دنیایان دروست  كردووە.

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد كە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە گرنگیی زیاتر بە توانای ژن بدرێت، بێگومان لەسەر  بنەمای  پسپۆڕییان لەو بوارەی پێی دێتە سپاردن، گرنگیدانی كابینەی نوێ بە ژن واتای نیشاندانی بەهێزیی حكوومەتە بە بەشێكی گرنگی كۆمەڵگە كە ژنانە و هەرچەندە كابینەكانی پێشوو كەمتەرخەمی نەبووە لە ئاستی ژنان، چونكە ئەنجوومەنی باڵای كاروباری  خانمانی بە فەرمی  دامەزراند، بەڵام  وای  نابینن  چالاكی و گرنگی ئەوتۆیان هەبووبێت كە هاوكار بووبێت  بۆ ژنانی كوردستان.

هەروەها گوتی، زۆر پێویست و گرنگە كابینەی نوێ كار بۆ ئەو خاڵانە بكات و لە پێناو ژنان كارەكانی بكات و گرنگییان پێ بدات، هەروەها لە دامەزراوەكاندا زیاتر ڕێ بۆ ژنانی پسپۆڕ و ڕۆشنبیر بكاتەوە كە رۆڵی كارایان هەبێت بۆ كوردستان بەگشتی و ڕۆڵ و گرنگی ژنان بەتایبەتی، چونكە هەر ژنانن بە ڕۆشنبیری دەتوانن ژیان بەگشتی لە كوردستان بگۆڕن نەك بە تەنیا ژیانی خۆیان.

بەناز زمناكۆ كچێكی تری دەرچووی پەیمانگەیە و بە "وشە"ی ڕاگەیاند، زۆر گرنگە لە قۆناغی سەرەتای پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، توانای ژنان و ڕۆڵیان لە بەرچاو بگیرێت و بۆ ئەو مەبەستەش ژن بهێنرێتە پێشەوە، بە جۆرێك لە دامەزراوە حكوومییەكاندا توانای بڕیاردانیان هەبێت، بەوەش ئەو خەم و ترسە بڕەوێتەوە كە لە ژندا هەیە و بتوانێ شانبەشانی پیاوان بڕیار بدات.

ئەو دەڵێت، كاتێك باس لە ژن و پیاو دەكرێت، پێویستە لە كۆمەڵگەدا یەكسانی هەبێت و جیاوازی نەكرێت لە نێوانیان، هەر لە سەردەمانی ڕابردوو ئەو جیاوازییە كراوە، ئەوەتا تا ئێستە لە حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكان ڕێژەی 25 بۆ ٪30 ی بۆ ژنان دانراوە، پێ دەچێت بەڕاستی ئەو ڕێژەیە جێگیر نەكرابێت، بۆیە دەخوازن هەر لە كابینەی نوێدا ئەو گرنگییە ڕەنگ بداتەوە بەرانبەر بە ژنان و توانای ژن بخرێتەڕوو.

سلێمانی / هۆشیار عەلی





وشە - تایبه‌ت