پەرلەمانتارێك هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق ئاشكرا دەكات

:: PM:04:22:12/01/2019 ‌
تا ئێستە سائیروون و فەتح لەسەر پێكهێنانی حكوومەت رێك نەكەوتوون و ناكۆكی قووڵی نێوانیان كابینەكەی عەبدولمەهدی ئیفلیج كردووە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێ تاكە كەسێك ئەو مشتومڕ و ناكۆكییە بتوانێت یەكلا بكاتەوە، عەبدولمەهدی خۆیەتی.

محەمەد خالیدی ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەموو 12ی كانوونی دووەم/ یەنایەر رای گەیاند، هۆكاری پێشكەش نەكردنی كاندید بۆ وەزارەتەكانی داد و ناوخۆ و بەرگری لە ماوەی رۆژانی داهاتوودا، دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامی ناكۆكییەكان، لە وەختێك هێشتا تەنگژەی شەیما حیالی وەزیری پەروەردە ماوە و چاوەڕێ دەكرێت عەبدولمەهدی كەسێكی تر لە جێی كاندید بكات.

خالیدی گوتی "تەنگژەی تەواوكردنی كابینەی حكوومەت زۆر درێژە دەكێشێت وەك ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت بەهۆی بەردەوامی و قووڵی ناكۆكییەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان و بێ دەسەڵاتی عەبدولمەهدی لە چارەسەركردنی كێشەكان و نەبوونی رێككەوتنێكی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی كاندیدەكان".

بەڵام خالیدی هەر خۆی دەڵێ تاكە كەسێك كە بتوانێ كۆتایی بەو تەنگژەی وەزارەتی پەروەردە و شەیما حەیالی وەزیری پەروەردە بهێنێت، عادل عەبدولمەهدی خۆیەتی، چونكە هێشتا حەیالی سوێندی یاسایی نەخواردووە.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە ناكۆكییە سیاسییەكان بە تەواوەتی كاریگەری لەسەر بەرنامەی حكوومەت داناوە بەوەی هێشتا حكوومەت نەیتوانیوە هیچ خزمەتگوزارییەك پێشكەش بكات، لەمەشدا دەبێت هەمووان بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ بگرن نەك تەنیا یەك كەس.

جێی بیرخستنەوەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 ئەنجام درا، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول و 14 وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی لە 24ی ئۆكتۆبەری رابردوو لە پەرلەمان متمانەیان پێ درا، بەڵام تا ئێستە وەزیرەكان بەرگری و ناوخۆ و داد بەهۆی ناكۆكی قووڵی سیاسی لە نێوان سەدر و عامری لەسەر وەزارەتە تەناهییەكان و پارتی و یەكێتی لەسەر وەزارەتی داد، نەتوانراوە كابینەی حكوومەت تەواو بكرێت و تا ئێستە بودجەش لە پەرلەمان پەسند نەكراوە، هەموو ئەوانە نزیكە لەوەی كابینەكەی عەبدولمەهدی ئیفلیج بكات.



وشە - فه‌رمان سادق