" 15 هەزار داعش روویان لە عێراق كردووە"

روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای دەكات 15 هەزار داعش لە سووریاوە هەڵاتوون و روویان لە عێراق كردووە، شارەزایەكی تەناهی عێراقیش دەڵێ هێشتا داعش مەترسییە لەسەر خاكی عێراق.

ئەمڕۆ شەموو 12ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ رای گەیاند 15 هەزار چەكداری تیرۆریستانی داعش لە سووریاوە رایان كردووە و بەرەو عێراق هاتوون.

روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ روونی دەكاتەوە چەكدارە داعشەكان لە رێگەی سنووری بەرفراوانی سووریا لەگەڵ عێراق لە ناوچە بیابانەكانی ئەنبار و موسڵ، هاتوونەتە ناو عێراق و لەو دوو شارە و سەلاحەدین بڵاوەیان كردووە.

فازڵ ئەبو رەغیف شارەزای تەناهی هۆشداریدا كە هێشتا داعش گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر خاكی عێراق و هێزە تەناهییەكان، بۆیە پێویستە سوپای عێراقی بە پشت بەستن بە زانیارییە تەناهییەكان گورزی پێشوەختە لە داعش بوەشێنێت تا جارێكی تر نەتوانن چالاكی ئەنجام بدەنەوە.

جێی باسە مەترسییەكانی داعش، پێشتر بەگوێرەی توێژینەوەی میدیا نێودەوڵەتییەكان و راپۆرتی دەزگا هەواڵگرییەكان ئاماژەی پێدرا بوو، "وشە" لە راپۆرتێكدا كە هەفتەی رابردوو بڵاوی كردەوە، ئاشكرای كرد كە داعش لە توانایدا هەیە دەست بەسەر شەش پارێزگای عێراق بگرێت.



وشە - فه‌رمان سادق


PM:06:32:12/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 153 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌