ترەمپ وەڵامی FBI دەداتەوە

:: PM:08:10:12/01/2019 ‌

دوای ئەوەی گومان لەسەر كار كردنی بۆ رووسیا لەسەر دروست بوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەڵامی لێكۆڵینەوەكانی FBI دەداتەوە و دەڵێ هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت.

ئەمڕۆ شەموو 12ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، وەڵامی بڵاوبوونەوەی هەواڵێكی دایەوە لە بارەی لێكۆڵینەوەكانی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریكی"FBI"  لە بارەی كار كردن بە نهێنی بۆ بەرژەوەندی رووسیا.

ترەمپ، لە تویتێكدا رای گەیاند هیچ هۆیەك نییە بە نهێنی كار بۆ رووسیا بكەم، هیچ بەڵگەیەكیش نییە، گوتی "زانیاریم پێ گەیشتووە لە بارەی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆڕك تایمزی شتكستخواردوو كە سەركردەكانی پێشتری گەندەڵی FBI كە زۆرینەیان دەركراون یان ناچار كراون ئاژانسەكە جێ بهێڵن، لێكۆڵینەوەیەكیان دەست پێ كردووە لە بارەی من، بێ هیچ هۆكار و بەڵگەیەك، بەتایبەت دوای ئەوەی جیمس كومی  درۆزنم لە كارەكەیدا درووخستەوە و دەرم كرد".

ترەمپ روونی كردەوە كە"FBI" لە دۆخێكی ئاڵۆز و پشێویدا بوو بەهۆی سەركردایەتی كردنی كومی كە كەسایەتییەكی لاوازی هەبوو، بڕیاری دەركردنی كومی بۆ ئەمەریكا رۆژێكی گرنگ بوو.

تویتەكەی ترەمپ لە كاتێكدایە پێشتر "وشە" هەواڵێكی بڵاو كرد بووە كە "FBI" دەستی كردووە بە لێكۆڵینەوە لە بارەی ئەگەری كار كردنی ترەمپ بە نهێنی بۆ بەرژەوەندی رووسیا، بە پشت بەستن بە راپۆرتێكی رۆژنامەی "نیویۆڕك تایمز".



وشە - فه‌رمان سادق