دواى ئهوهى پێشتر گرووپی شانۆی سکێچ لە سلێمانی شانۆیی گەر بڕیارە بمرین یان نمایش کرد، بڕیارە بهیانى هەمان شانۆیی لە ئەڵمانیان نمایش بکەنەوە.
ئهمڕۆ شهموو 12ى كانوونى دووهم، شوان کەریم نووسەر و دەرهێنەری شانۆییەکە له پێگهى تایبهتى خۆى له تۆڕى كۆمهڵایهتى فهیسبووك نووسیویهتى: "شانۆیی گەر بڕیارە بمرین، چیرۆکی کۆمەڵێك نەخۆشی شێرپەنجە دەکاتە دەرگایەك بۆ قسەکردن لەسەر دۆزینەوەی ئومێد لە جیهانێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووبەری بێ ئومێدیەکان فراوانتر دەکات. مینا و لاس دوای چەندان ساڵ جیابوونەوە لەو نەخۆشخانەیەدا بەیەکدەگەنەوە و بە هاوکاری نەخۆشەکانی تر، لەو شوێنەوە کە بڕیارە کۆتایی ژیانیان بێت، کار بۆ زیندووکردنەوەو بەدیهێنانی خەونە فەرامۆشکراوەکانی ژیانیان دەکەن".
ناوەڕۆکی شانۆییەکە هەوڵدانێکی سەرکەشانەیە بۆ خستنە قسەی پرسیارە قووڵە لەیادکراوەکان، پرسی مردن و گەڕان بەدوای ماناکانی ژیاندا. لەڕێگەی خەونێکی لەیادکراوی یەکێك لە کارەکتەرەکانەوە.
شانۆیی "گەر بڕیارە بمرین" لەلایەن گروپی شانۆی سکێچ و بەهاوکاری بەشی هونەری شانۆ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بەرهەمهاتووە، پێشتر رۆژی 26ى تشرینی دووەمى ساڵى 2018 لە هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی نمایشکرا و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو، بڕیاریشه بهیانى 13ى کانوونی دووەم سهعات پێنجی ئێوارە، گرووپی سکێچ بە میوانداری چەند ئەکتەرێک لە شاری کۆلن لە ئەڵمانیا نمایش بکرێت.