بەرشەلۆنە ئامادەیە كۆتینیو بفرۆشێ

:: AM:11:44:13/01/2019 ‌

فیلیپ كۆتینیوی ئەستێرەی بەڕازیلی ماوەی ساڵێكە لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە یاریی دەكات و لەو ماوەیەشدا بەشداریی لە 46 یارییدا كردووە و 16 گۆڵیشی تۆمار كردووە.

لە ماوەی رابردووشدا شوێنی یاریكردنی لە پێكهاتەی سەرەكی یانەی بەرشەلۆنە لەدەستدابوو بەهۆی دابەزینی ئاستییەوە، رۆژنامە ئیسپانییەكانیش بڵاویان كردبووەوە كە ئەم ئەستێرە تەمەن 26 ساڵییە نزیك بۆتەوە لە رۆیشتن.

ماڵپەڕی (كالچیۆ میركاتۆ)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: یانەی بەرشەلۆنە ئامادەیە دەستبەرداری كۆتینیۆ ببێت، بەڵام بەو مەرجەی نرخەكەی 142 ملیۆن پاوەن بێت واتە هەمان ئەو نرخەكەی كە لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی كڕییەوە.

كۆتینیۆ تا ئێستا هۆكاری دروستكردنی 10 گۆڵ بووە بۆ یانەی بەرشەلۆنە، هەفتەی رابردووش لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیادا گۆڵێكی بە رێگەی لێدانی سزا تۆمار كردبوو كاتێك یانەی بەرشەلۆنە بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ دۆرا بوو.

یەكێك لە كڕیارە سەرەكییەكانی كۆتینیوش بۆ وەرزی داهاتوو یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزییە، بەڵام تا ئێستا یانەكە هەنگاوی كرداری لەمبارەیەوە نەناوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م