لیۆنێل میسی ئەستێرەی یەكەم و كاپتنی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی نزیكە ژمارەیەكی مێژوویی گەورە لە خولی ئیسپانیا تۆمار بكات.
ئەمشەو یانەی بەرشەلۆنە سەعات 8:30ی شەو لە گەڕی 19ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو مێوانداریی یانەی ئیبار دەكات.
میسی لە یارییەكەی ئەمشەودا ئاواتەخوازە گۆڵێك تۆمار بكات بۆ ئەوەی ژمارەی گۆڵەكانی لە خولی ئیسپانیا بكات بە 400 گۆڵ.
میسی لە یەكەم یارییدا لە ساڵی 2005 لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ئەلباسێتی تا ئێستا 399 گۆڵی لە كۆی 434 یارییدا تۆمار كردووە.
میسی لە ساڵی 2014وە گۆڵكاری مێژوویی خولی ئیسپانیایە دوای ئەوەی لە یارییەكی ئەم وەرزەدا توانیبووی 3 گۆڵ لە یانەی سڤیلییە تۆمار بكات و ژمارە پێوانەییەكەی تیلمۆ زارای گۆڵكاری مێژوویی یانەی ئەتلەتیك بیلباو تێپەڕێنێ كە 252 گۆڵی تۆمار كردبوو.
میسی لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا لە كۆی ئەو 399 گۆڵە 230 گۆڵی لەنێو یاریگەی كامپ نوو تۆمار كردبوو لە كۆی 217 یارییدا، یانەی بەرشەلۆنەش لە 183 یارییدا سەركەوتوو بووە.
لە دەرەوەی یاریگەی كامپ نووش میسی تا ئێستا 169 گۆڵی تۆمار كردووە لە كۆی 217 یارییدا.
ئەو یانانەی كە میسی زۆرترین گۆڵی لێ تۆمار كردوون برێتین لە یانەكانی ئەتلەتیكۆ مەدرید و ڤالێنسیا كە تا ئێستا لە هەر یەكێكیان 25 گۆڵی لێ تۆمار كردوون.