هاووڵاتییانی سلێمانی خۆیان محاویلەی گەڕەكەكانیان چاك دەكەنەوە

:: PM:12:22:26/12/2016 ‌

هاووڵاتییانی شاری سلێمانی خۆیان محاویلەی گەڕەكەكانیان چاك دەكەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەردانی فەرمانگەی كارەبا دەكەن و لەوێش پێیان دەگوترێت ناتوانن محاویلەكانیان بۆ چاك بكەنەوە، بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانیش كەلوپەلیان بۆ چاككردنەوەی محاویلەكان نییە.

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و زۆربوونی خواست لەسەر كارەبا بۆ بەكارهێنانی ئامێری گەرمكەرەوە، توانای محاویلەی گەڕەكەكان كەم بووە، چونكە كۆنن و ناتوانن ئەو قورسایییە هەڵگرن كە دەكەوێتە سەریان و تێك دەچن، بەڵام ئێستە هاووڵاتییان خۆیان بوون بە بەڕێوەبەرایەتیی كارەبا و چاكیان دەكەنەوە.

سلێمان یوونس، هاووڵاتی دانیشتووی گەڕەكی سەرچنار، بۆ "وشە"ی ڕوون كردەوە، ماوەی چوار ڕۆژ محاویلەی گەڕەكەكەیان تێك چووبوو و هەر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی كارەبایان كرد و پێیان گوتوون ناتوانن محاویلەكانیان بۆ چاك بكەنەوە.

ئەو گوتی، "دواتر لە نێوان دانیشتوانی گەڕەكەكە پارەمان كۆ كردەوە و محاویلەكەمان چاك كردەوە."

یوونس باسی لەوەش كرد، دوای نزیكەی 30 ساڵ حكومڕانی و ئەو هەموو داهاتە، ئێستە دەبێت خەڵك خراپبوونی محاویلەكانی چاك بكاتەوە.

كارەبا یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكانی هاووڵاتییان و بە درێژیی چەندان ساڵە كابینە یەك لە دوای یەكەكانی حكوومەتی هەرێم نەیانتوانیوە چارەسەری پێویست بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە.



كامەران جەلال، یەكێكی تر بوو لەو هاووڵاتییانەی سلێمانی كە محاویلەی گەڕەكەكەیانی چاك كردووەتەوە و ڕای دەگەیەنێت، چیتر پێویستیان بە حكوومەت نییە.

كامەران كە لە گەڕەكی وڵوبەی شاری سلێمانی دادەنیشێت، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "هەر ماڵێك 30 هەزارمان كۆ كردەوە و محاویلەی گەڕەكەكەمان چاك كردەوە، چونكە حكوومەت دەڵێ‌ ناتوانم بۆتان چاك بكەمەوە."

ئەوەشی گوت، "ئێمە حكوومەتمان بۆ چییە پێداویستییەكانمان بۆ دابین نەكات، ئێستە كارەبا نادات، مووچە نادات، ئاو نادات، ئەی حكوومەتمان بۆ چییە، چیتر پێویستمان بە حكوومەت نییە."

لەناو شاری سلێمانی 60 محاویلەی كارەبای گەڕەكەكان تێك چوون و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانیش دەڵێت ناتوانین چاكیان بكەینەوە.

سیروان محەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات ناتوانن محاویلەكان چاك بكەنەوە.

ئەو بە "وشە"ی گوت، "حكوومەت پارەی نییە بۆ كڕینی پێداویستیی كارەبایی، بۆیە ناتوانن محاویلە تێكچووەكان چاك بكەینەوە و سووتاوەكانیش بگۆڕین."

ئاماژەی دا، هەركات بەڕێوەبەرایەتی پێداویستی بۆ هات سەرجەمیان چاك دەكاتەوە، بەڵام هاووڵاتییان چاوەڕوان ناكەن و لەسەر ئەركی خۆیان محاویلەكان چاك دەكەنەوە. 

وەك كامەرانیش گوتی، "ئەوان ناتوانن دابنیشن و چاوەڕوانی حكوومەتێك بن كە هیچ بەرپرسیارێتییەك هەڵناگرێت، چونكە بۆ كارەبای گەڕەك و ماڵی بەرپرسەكان بەردەوام ئامادەن، بەڵام بۆ گەڕەكی خەڵكانی تر هیچ پێداویستییەكیان نییە."

وشە/ سلێمانی- شاد كەیوان


وشە - تایبه‌ت