عەقید لەمیعە: بەهۆی كێشەی ناو یەكێتی دوور خراومەتەوە
لە هەرێمی كوردستان لە كۆی شەش بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، تەنیا یەك بەڕێوەبەرایەتیی لەلایەن ژنەوە بەڕێوە دەبرا، ئەویش بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بوو لە گەرمیان، بەڵام بە فەرمانێكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەكار دوور خرایەوە. بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "بەهۆی سیاسی و ناكۆكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوور خراوەتەوە".
عەقید لەمیعە محەمەد قادر بەڕێوەبەری لەكارلادراوی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، "فەرمانی دوورخستنەوەم ڕۆژی 20ی كانوونی یەكەم دەرچووە، رۆژی دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان پێم ڕاگەیەنرا، بەڵام تا ئێستە جێبەجێ نەكراوە".
ئەو دەڵێ، بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەم، ئەحمەد نووری بەڕێوەبەری گرتن و گواستنەوەی گەرمیان دەستنیشان كراوە و پێشی گوتراوە دەگوازرێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، بێ ئەوەی ئەركەكەی دیار بكرێت.
عەقید لەمیعە محەمەد روونی كردەوە، "بە فشاری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بە بڕیارێكی تاكەكەسیی لە كارەكەی دوور خراوەتەوە و پێوەندی بەوەوە هەیە، لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بانگەشەی بۆ كاندیدێكی سنووری مەڵبەندی خانەقینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووە، كە بە دڵی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان نەبووە، بۆیە لەو كاتەوە ڕقی لێ هەڵگرتووە و بۆ لابردنی كەوتووەتە هەوڵدان، تا سەرئەنجام هەوڵەكانی سەری گرت و وەزارەتی ناوخۆ فەرمانەكەی دەركرد.
ئەو نەیشاردەوە لەسەر ئەو بابەتە چووەتە سەر خەت و لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان قسەی كردووە بۆ ئەوەی لە شوێنەكەی خۆی بمینێتەوە و خزمەت بە ژنان بكات، بەڵام نەیتوانیوە سەرپەرشتیاری ئیدارەكە پاشگەز بكاتەوە.
لەمیعە محەمەد نیگەرانە لە دوورخستنەوەی و پێی وایە لە وەزارەتی ناوخۆ كەسێكی تر نییە بتوانێ ڕۆڵی ئەو ببینێت و دەڵێت، "ئەوەی لای ئەوان گرنگە دوورخستنەوەی منە، ئیتر لە خەمی ژناندا نین".
لەبارەی دیاریكردنی پیاوێك بۆ شوێنگرەوەی و كاریگەریی لەسەر ڕووداوەكانی توندوتیژیی لە سنوورەكەدا، دووپاتی كردەوە كە بەڕێوەبەرێكی پیاو ناتوانێ وەك ژنێك دژی توندوتیژییەكان بوەستێتەوە، هەروەها ژنان ناتوانن سكاڵاكانیان ببەنە لای پیاوێك، چونكە گەرمیان بەهۆی زاڵبوونی داونەریتەوە جیاوازە لە شوێنەكانی تر، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژیی دژ بە ژنان.
بەڕێوەبەرە دوورخراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە گەرمیان پێی وایە، دەسەڵات بەو بڕیارە توندوتیژیی بەرامبەر تەواوی ژنانی گەرمیان و ڕێكخراوەكانی ژنان ئەنجام داوە، كە پێشتر كاری پێكەوەییان كردووە.
شوكریە غەفوور بەرپرسی یەكێتی ژنانی كوردستان كە رێكخراوێكی ژنانی سەربە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، بەڕێوەبەرایەتییەكی حكوومی كە تایبەت بێ بە كێشەی ژنان، دەبێت لەلایەن ژنەوە بەڕێوە ببرێت و ئەگەر ژنان بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەڕێوە نەبەن، باشترە هەڵبوەشێنەوە.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی ژنان لە گەرمیان كە بەرپرسێكی حزبەكەی لە پشتی فەرمانی لەكارلادانی عەقید لەمیعە بووە، ئەوەی خستە ڕوو كە دەست لە كاروباری حكوومەت وەرنادەن، ئەگەر گۆڕانكاری گشتی بێ و بەپێی دەستكەوتی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵك بێ، ئەگەرنا دەبێ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وەڵامی بۆ ئێمە هەبێ، ئەگەر وەڵامەكەی هەر ئەوە بێت پیاو لە جێی عەقید لەمیعە دابنرێت، قبووڵی ناكەین.
بەگوتەی ئەو بەرپرسە ئەگەر دوای لەمیعە محەمەد ژنی تر نەخرێتە شوێنی، رێ نادەن دۆسیەی ژنان لە رێكخراوەكانەوە ببرێنە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە.
هاوكات نەغەدە محەمەد بەرپرسی ئەنجوومەنی دەڤەری گەرمیانی یەكێتی ژنانی كوردستان، بۆ "وشە" پێداگری لەوە كرد كە هەوڵەكانی ئەوان وەك رێكخراوەكانی ژنان لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، زیادكردنی رێژەی ژنانە لە داودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نەك ئەوەی ژن لە ناوەندەكانی بڕیار و بەڕێوەبردنی پۆستەكان دوور بخرێنەوە.
ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "ساڵانێكە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان، لەلایەن عەقید لەمیعە محەمەد قادر بەشێوەیەكی زۆر سەركەوتووانە بەڕێوە دەبرێت و كاری زۆرباشیش كراوە، ئیتر چ پێویست دەكات لاببرێ".
جێی باسە بەدوورخستنەوەی لەمیعە محەمەد، جگە لە كوردە عومەر كە بەڕێوەبەری گشتییە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی تر لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبرێن.
بۆ هۆی ئەو دوورخستنەوەیە "وشە" پێوەندی كرد بە هەڤاڵ ئیبراهیم گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان، ئەویش گوتی ئەو ژنە بەفەرمانی سەڵاح كوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە كارەكەی دوور نەخراوەتەوە. عەقید لەمیعە محەمەد كارمەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و بۆ هەرجێیەك بگوازرێتەوە دەبێ خزمەت بكات، ئەوەش كاری وەزارەتی ناوخۆیە نەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بۆیە هیچ پێوەندییەكی بە ئەوانەوە نییە.
كاردانەوەكان دژی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە گەرمیان، چڕ بووەتەوە و پاش زیاتر لە دوو هەفتە ئەو بڕیارە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
جێی باسە رۆژی شەشی ئەم مانگە یەكەم هەوڵی خۆپێشاندانی ژنانی گەرمیان بۆ داكۆكیكردن لە مانەوەی ئەو بەڕێوەبەرە شكستی هێنا، چونكە هێزەكانی ئاسایش بەبیانووی نەبوونی مۆڵەت بۆ خۆپێشاندانی داكۆكی لە عەقید لەمیعە، رێیان نەدا خۆپێشاندان بكرێت.
ژیان مەجید چالاكێكی بواری ژن، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، بەهۆی رێنەدان و بیانووی نەبوونی مۆڵەت، یەكەم هەوڵی مەدەنی بۆ داكۆكی لە ژنێك لە مانەوەی لە پۆستەكەی، شكستی هێنا.
نووسینگەكانی توندوتیژیش بە هەمانشێوە لە كۆی 28 نووسینگە، تەنیا دوو نووسینگەیان لەلایەن ژنانەوە سەرپەرشتی دەكرێن كە نووسینگەكانی سۆران و دۆمیزن، لە ساڵانی ڕابردوو نووسینگەی خانەقینیش لەلایەن ژنێكەوە سەرپەرشتیی دەكرا، بەڵام ئەو نووسینگەیە بەهۆی نەبوونی پۆلیسی پاسەوانەوە هەڵوەشێنرایەوە و ژمارەی نووسینگەكان لە 29ەوە بوو بە 28 نووسینگە.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی
وشە -
تایبهت