میسی گۆڵی ژمارە 400ی تۆمار كرد

:: AM:09:21:14/01/2019 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی ژمارەی گۆڵەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا كردە 400.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لەگەڕی 19ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو مێوانداریی یانەی ئیباری كرد و یارییەكەشی بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە.

گۆڵی دووەمی یانەی بەرشەلۆنە لە یارییەكەدا لەلایەن لیۆنێل میسی لە خولەكی 53 هاتە تۆماركردن، دوو گۆڵەكەی تریش لەلایەن لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی تۆمار كران.

بە تۆماركردنی ئەم گۆڵە میسی ژمارەی گۆڵەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا كردە 400 و وەك گۆڵكاری مێژوویی یانەكە و خولەكە مایەوە.

میسی لە ساڵی 2014وە گۆڵكاری مێژوویی خولی ئیسپانیایە دوای ئەوەی لە یارییەكی ئەم وەرزەدا توانیبووی 3 گۆڵ لە یانەی سڤیلییە تۆمار بكات و ژمارە پێوانەییەكەی تیلمۆ زارای گۆڵكاری مێژوویی یانەی ئەتلەتیك بیلباو تێپەڕێنێ كە 252 گۆڵی تۆمار كردبوو.

میسی لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا لە كۆی ئەو 400 گۆڵەدا 231 گۆڵی لەنێو یاریگەی كامپ نوو تۆمار كردبوو لە كۆی 218 یارییدا، یانەی بەرشەلۆنەش لە184  یارییدا سەركەوتوو بووە.

لە دەرەوەی یاریگەی كامپ نووش میسی تا ئێستا 169 گۆڵی تۆمار كردووە لە كۆی 217 یارییدا.

ئەو یانانەی كە میسی زۆرترین گۆڵی لێ تۆمار كردوون برێتین لە یانەكانی ئەتلەتیكۆ مەدرید و ڤالێنسیا كە تا ئێستا لە هەر یەكێكیان 25 گۆڵی لێ تۆمار كردوون.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م