سۆڵشایەر پێنجەم سەركەوتنی لەسەریەكی پێشكەش بە مانچستەر یونایتد كرد

:: AM:09:34:14/01/2019 ‌

شەوی رابردوو یانەی مانچستەر یونایتد لە یاریی لوتكەی گەڕی 22ی خولی نایابی ئینگلیزیدا سەركەوتنێكی بەنرخی بەرامبەر یانەی تۆتنهام بەدەستهێنا و ئەمەش پێنجەم سەركەوتنی لەسەریەكی سۆڵشایەری راهێنەری نوێی یانەكە بوو.

مانچستەر یونایتد یارییەكەی بە گۆڵێكی بێ وەڵام بردەوە و تاكە گۆڵەكەش لەلایەن ماركۆس راشفۆردی هێرشبەری لاوەوە لە خولەكی 44 تۆماركرابوو.

ئەمە پێنجەمین سەركەوتنی لەسەریەكی سۆڵشایەری راهێنەرە نوێیەكەی یانەی مانچستەر یونایتد بوو دوای ئەوەی لە كۆتایی ساڵی رابردوو بەشێوەی كاتی تا كۆتایی ئەم وەرزە لە شوێنی جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی دەستبەكار بوو.

سۆڵشایەر پێشتر لەگەڵ یاریزانانی یانەی مانچستەر یونایتد توانیبووی لە یانەكانی كاردیف سیتی 1-5، هێدێرسڤێڵد تاون 3-1، بۆرنمۆت 4-1 و نیوكاسل 0-2 ببباتەوە.

بەم سەركەوتنە یانەی مانچستەر یونیتد ژمارەی خاڵەكانی كردە 41 و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی ئارسناڵ هەر لە ریزبەندی شەشەم یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی مایەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی لێڤەرپوول بە كۆكردنەوەی 57 خاڵ لە پێشەنگی یانەكانە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م