ڕێژنه حه‌مید یه‌كێكه له ژنه شێوه‌كاره به‌تواناكانی ڕانیه و ئه‌ندامی گرووپی شێوه‌كاری "Art one”ـه. ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری گرووپی ژنانی شێوه‌كاری ڕانیه‌یه و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێت، "ڕه‌نگی زه‌رد لای من هێمای ژیان ده‌به‌خشێت و هیوا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، ژنیش سیمبۆلی پاكی و جوانی و سۆزه".
ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریت بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
ساڵی 2006 – 2007 به‌شی شێوه‌كاریی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی ڕانیه‌م ته‌واو كردووه، به‌ڵام پێش ئه‌وه ده‌ستم به‌كاری هونه‌ری كردووه، ساڵی 2002 ده‌ستپێكی كاره هونه‌رییه‌كانم بووه، تا ئێسته به‌شداری چه‌ندان چالاكی و فێستیڤاڵێ تایبه‌ت به شێوه‌كاریم كردووه.
جۆری بهشدارییهكانت چۆن بووه؟.
له سه‌رجه‌م پێشانگه‌كانی په‌یمانگه به‌شداریم كردووه، هه‌روه‌ها به‌شداریم له پێشانگه‌ی ژنانی شێوه‌كاری باشوور له سلێمانی كردووه، جگه له‌مانه له پێشانگه‌ی دیداری ڕانیه بۆ هونه‌رمه‌ندانی عێراق به‌شدار بووم، هاوكات به‌شداریكردن له پێنج پێشانگه‌ی هاوبه‌شی گرووپی شێوه‌كاری كچانی ڕانیه و به‌شداریم له پێشانگه‌ی ساڵانه‌ی چالاكی قوتابخانه‌كانی سنووری په‌روه‌رده‌ی ڕانیه، دوایه‌مین به‌شداریشم له یه‌كه‌مین فێستیڤاڵی ژنانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان بوو له شارۆكه‌ی كفری كه 97 ژن له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان به‌شدارییان تێدا كردبوو.
ئه‌ی له هه‌ولێر و دهۆك به‌شداری هیچ پێشانگه‌یه‌كی شێوه‌كاریت كردووه؟
له دوو پێشانگه‌ی كچانی ڕانیه كه یه‌كێكیان له هه‌ولێر و ئه‌ویتریان له شاری دهۆك بوو به‌شداریم كردووه، سێ پێشانگهكهی تریشیان له ڕانیه بوو.
پێش ئه‌وه‌ی بچیته به‌شی شێوه‌كاری، حه‌ز و خولیات بۆ هونه‌ر هه‌بوو؟
به‌دڵنیاییه‌وه حه‌ز و خولیام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ هونه‌ر هه‌بووه، به‌تایبه‌تی سه‌ره‌تا زۆر حه‌ز و خولیام بۆ موزیك هه‌بوو، دواجار به‌شی شێوه‌كاریم هه‌ڵبژارد، له كاتێكدا پێشتر هیچ كارێكی هونه‌ریم نه‌كردبوو.
ئاستی هونه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له ڕانیه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟
ڕانیه خۆی شارۆكهیهكه پڕه له هونه‌ر و زۆر كه‌سی به‌توانا و باشی تێدایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه فه‌رامۆش كراوه و تا ئێسته گه‌له‌رییه‌ك له ڕانیه نییه تا هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و شارۆكه‌یه كاره هونه‌رییه‌كانیان تێدا نمایش بكه‌ن.
كاره‌كانت له‌سه‌ر ئه‌ركی تایبه‌تی خۆته یان هاوكاری ده‌كرێی؟
هه‌موو كاره هونه‌رییه‌كانم له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم بووه، به‌ڵام هه‌ندێك جاریش له‌لایه‌ن داوده‌زگا حكوومییه‌كانه‌وه هاوكاری كراوم و سوپاسیان ده‌كه‌م.
زیاتر كار له‌سه‌ر چی ده‌كه‌ی؟
زیاتر كار له‌سه‌ر تابلۆ ده‌كه‌م، به‌ڵام زۆر جار ماتریالی جیاوازیش به‌كار دێنم، وه‌ك "مێخه‌ك و قوماش"، هه‌موو ڕه‌نگه‌كان له تابلۆكانم ئاماده‌ییان هه‌یه، به‌ڵام ڕه‌نگی زه‌رد لای من تایبه‌ته و هه‌وڵم داوه تایبه‌تمه‌ندی خۆم له‌و ستایله‌دا نمایش بكه‌م، چونكه ڕه‌نگی زه‌رد هێمای ژیان ده‌به‌خشێت و هیوا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
په‌یام و ئامانجی تۆ له ڕێی هونه‌ره‌كه‌ته‌وه چییه؟
ژن سیمبۆلی پاكی و جوانی و سۆزه، بۆیه ئامانجی من ئه‌وه‌یه بتوانم له‌ڕێی كاره هونهرییهكانمانهوه په‌یامی ژن‌بوون و جوانییه‌كانی ژن و هیوا و ئاوات و خه‌مه‌كانی ژنان بخه‌مه ڕوو، به‌تایبه‌تی ئه‌و خه‌مانه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاری لێی به‌رپرسن.
تا ئێسته فرۆشتنی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری له كوردستان بووه‌ته كولتوور؟
هه‌رچه‌نده تابلۆم فرۆشراوه، به‌ڵام به بۆچوونی من تا ئێسته فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانمان نه‌بووه‌ته كولتوور و هێشتا ماویه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی وای لێ بێت تابلۆ و به‌رهه‌مه‌كانمان له ماڵه‌كانیان هه‌ڵبواسن.
بۆچی زۆرینه‌ی كچ كه هونه‌ره جوانه‌كان ده‌خوێنن دواتر دوور ده‌كه‌ونه‌وه له‌وه‌ی فێری بوون؟
په‌یامی من بۆ هه‌موو ئه‌و كچ و ژنانه‌یه كه به‌شی هونه‌ری له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان ته‌واو ده‌كه‌ن، ده‌ستبه‌رداری كاری هونه‌ریی نه‌بن، باشتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر حه‌ز و خولیاكانیان بۆ هونه‌ر به‌رده‌وام بێت، چونكه ژن ده‌توانێ له ڕێی كاره هونه‌رییه‌كانی خه‌م و ئازار و ئازایه‌تییه‌كانی بگه‌یه‌نێت و دووباره له ڕێی ڕه‌نگه‌وه دایبڕێژێ.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال