یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەفەرمی پێكانی هێرشبەرە فڕەنسییەكەی كەریم بەنزیمای راگەیاند و هەروەها جۆر و قەبارەكەشی ئاشكرا كرد.
شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 19ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ لە یانەی ریال بیتیسی بردەوە.
بەنزیما لەنێوانی دوو گێمی یارییەكەدا یاریگەی جێهێشت بەهۆی ئەو ئازارەی لە دەستیدا هەبوو كاتێك بەركەوتنێكی توندی لەگەڵ مارك بارترای بەرگریكاری یانەی ریال بیتیس كەوتبوو.
ماڵپەڕی فەرمی یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد كە بەنزیما دەستی راستی شكاوە و ئەمڕۆ دووشەمیش دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی ماوەی دووركەوتنەوەی لە یاریكردن ئاشكرا دەكەن.
لای خۆشییەوە رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی ئاشكرای كرد، بەهۆی ئەم پێكانەوە و چاكبوونەوە بەنزیما بەلایەنی كەم ماوەی مانگێك لە یاریكردن دوور دەكەوێتەوە.