جوێنی بە دایكی داوە

:: AM:10:40:14/01/2019 ‌

لە یارییەكەی شەوی رابردووی نێوان ریال بیتیس و ریال مەدرید لە خولی ئیسپانیادا مارك بارترای بەرگریكار و ڤینسیوس جۆنیۆری هێرشبەر تێكگیر ببوون.

شەوی رابردوو لە گەڕی 19ی خولی پلە یەكی ئیسپانیادا لەنێو یاریگەی ڤیامارین هەردوو یانەی ریال بیتیس و ریال مەدرید رووبەڕووی یەكتر بوونەوە و یارییەكەش بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بۆ بەرژەوەندی یانەكەی دووەم كۆتایی هات.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی قسەكانی نێوان بارترای بەرگریكاری یانەی بیتیس و ڤینسیوسی هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی ئاشكرا كرد كە لە یارییەكەدا رووبەڕووی یەكتر ببوونەوە، كە ببووە هۆی ئەوەی ناوبژیوانی یارییەكە بێتە ناوبژیان و لەیەكتریان جیا بكاتەوە.

بەرگریكارەكەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە بە رۆژنامەكەی راگەیاند: ڤینسیوس لە یارییەكەدا چەند جارێك بە ئەنقەست خۆی بەردەدایەوە، منیش پێمگوت واز لەم كارە بێنێ و وەك یاریزانەكانی تر یاریی خۆی بكات.

زیاتر گوتی: ڤینسیوس بەشێوەیەكی زۆر خراپ وەڵامی دامەوە و چەند جارێكیش جوێن و قسەی نەشیاوی بە دایكم گوت.

بارترا هەروەها رایگەیاند: ئەمە خوڕەوشتی یاریزانی یانەی ریال مەدرید نییە و پێویستە زیاتر فێر بكرێ، پێموایە ڤینسیوس لە ژینگەیەكی باش و پاك گەورە نەبووە بۆیە ئەم هەڵسوكەوتە نابەجێیانەش لەنێو یاریگە ئەنجام دەدات.

جێی باسە ڤینسیوس لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە كرد و لەسەردەمی سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەریشدا چەند جارێك هەلی پێدراوە لە پێكهاتەی سەرەكیدا یاریی پێ بكرێ و تاڕادەیەكیش ئاستێكی باشی پێشكەش كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م