هۆكاری خراپی ئاردی سلێمانی ڕوونكرایەوە
سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هۆكاری خراپی بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان لە سلێمانی ئاشكرا دەكات و دەڵێت، بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان ئێستەیش خراپە و بەكەڵكی بەكارهێنان نایەت.
ئەمڕۆ دووشەم 14ی كانوونی دووەم، كاسترۆ مەعرووف سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو ئاردەی كە بۆ سلێمانی هات و دواتر بەهۆی خراپیەوە ناڕەزایی لەسەری دروست بوو، دوای بەدواداچوون و پشكنیینەكان دەركەوت ئەو گەنمە كە كراوە بە ئارد لە كارگەیەكەوە بۆ كارگەیەكی تر جیاواز بووە و هەر ئەو گەنمەیە كە لە جووتیاران وەرگیراوە.
روونیشی كردەوە كە ئێستەش ئاردی بەشە خۆراك لە سلێمانی بەهەمان شێوازە، چونكە بە كەڵكی نان كردن نایەت و هاووڵاتییان خۆیان دەیفرۆشن یان بە ئاردنی كوالیتی باشتر دەیگۆڕنەوە.
ئەندامەكەی ئەنجوومەن گوتی، بەهۆی ناستانداری كارگە و سایلۆكان و دووكانی بریكارەكان ئەو ئاردە وای لێ دێت، ئاردێك كە بە گەرمی لە كارگەكانەوە دەردەچێت و دەچێتە دووكانی بریكارەكان كە دووكانێكی بێ كوالێتیە بۆیە خراپ دەبێت بە تایبەت لە هاوین و گەرمادا.
ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر هاووڵاتییانی سلێمانی نیگەرانییان لەبەرانبەر خراپی ئاردی بەشە خۆراكی مانگانە دەبڕیبوو، هەروەك داوایان كردبوو كە كوالیتی ئاردەكە باشتر بكرێ.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی
وشە -
سهرخێڵ هاشم