چەندان جۆری كرێم و بەرهەمی جوانكاری هەن كە بۆ رێگریكردن لە پیربوونی پێست بەكاردەهێنرێت، بەڵام چەندان مەترسی لەسەر لەش دروست دەكات، بۆیە باشتر وایە رێگری لەو هۆكارانە بكرێت كە دەبنە هۆی پیربوونی پێست وەكو "خۆدانەبەر تیشكی خۆر یان فشاری دەروونی و كەمی بەكارهێنانی ڤیتامینەكان و نەخواردنی ئاو كە شێداری بەپێست دەدات".
لێرەدا باس لەو هۆكارانە دەكەین كە دەبنە هۆی پیربوونی پێست.
یەكەم: رێجیم بۆ ماوەیەكی زۆر، رێجیم بە دوورت دەكات لە زۆر پێكهاتەی خۆراكی كە بۆ پێست پێویست و بەمەیش پێست بەشێوەیەكی ناتەندروست و بێهێز دەردەكەوێت و بەتەمەنتر پێشانت دەدات لەچاو تەمەنی ئاسایی خۆتدا، چونكە رێجیم كردن دەبێتە هۆی دابەزاندنی كێش و بەمەیش بارستەی خانەكان كەم دەبێتەوە بەتایبەتی پێستی دەموچاو، چونكە پێست بێبەش دەبێت لەو ڤیتامین و كانزایانەی كە بۆ پێست گرنگن و ریێگە لە پیربوون دەگرن.
دووەم: خۆپاراستن لە چەوری، زۆرێك لە ئێمە ئەو خۆراكانە ناخۆین كە برێكی دیاریكراو چەوری تێدایە، بەڵام شارەزا نین لەوەی كە دوو جۆر چەوری هەیە ئەوانیش چەوری دروست و چەوری نادروست، بۆیە پێویستە ئەو خۆراكانەی كە چەوری دروستیان تێدایە لە خۆراكی رۆژانەدا زیاد بكرێت، ئەم چەوریە دروستانە پێویستن بۆ مێشك و دڵ و جومگەكان و پێست ئەو خۆراكانەی كە دەوڵەمەندن بە چەوری دروست وەكو چەرەزات، تۆوەكان، ماسی سەلەمون، زەیتی سەوزە كە سوودێكی زۆر بەپێست دەگەیەنێت.
سێیەم: خۆدانەبەر تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی زۆر، چەندان چالاكی و كاری رۆژانە هەیە كە لەبەر تیشكی خۆردا ئەنجام دەدرێت، بەڵام زۆر بەركەوتنی تیشكی خۆر بە پێست زیان بەخشەو هۆكارێكە بۆ پیربونی پێست و مەترسییەكانی نەخۆشی شێرپەنجە زیاد دەكات بەتایبەتی شێرپەنجەی پێست.
چوارەم: زۆر خواردنی شەكر، شەكر وزەیەكی زۆر بەلەش دەدات، بەڵام لە هەمان كاتدا خواردنی برێكی زۆر شەكر زیانبەخشە، چونكە هۆكارێكە بۆ هەوكردن و كرداری پیربوون خێراتر دەكات جگە لەوەش مەترسیەكانی نەخۆشی شەكرە زیاد دەكات و چەندان زیان بە پێست دەگەیەنێت وەكو وشكبوونەوەی پێست و زوو پیربوون و چرچی پێست.