شاسوار عەبدولواحید لە فرۆشتنی كەناڵی "ئێن ئاڕ تی" راستی نەكرد

:: PM:08:13:14/01/2019 ‌
هاووڵاتییان و رۆژنامەنووسانی سلێمانی پێیان وایە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ راستگۆ نەبووە كە باسی فرۆشتنی كەناڵی "ئێن ئاڕ تی" كردووە؍ بەو پێیەی ئەو كەناڵە نەك هەر سەربەخۆ نییە، بگرە ئێستە بووەتە زمانحاڵی جووڵانەوەكەی. پەرلەمانتارێكیش پێی وایە ئەو كارەی شاسوار زیاتر بازرگانیكردنە تا سیاسەت و كاری میدیایی.

ساڵی رابردوو لە دەركەوتنێكی لەناكاودا شاسوار عەبدولواحید بازرگان و خاوەنی كەناڵەكانی ئێن ئاڕ تی، رای گەیاند كە هەموو پرۆژە و میدیاكانی لە كوردستان فرۆشتووە و مافی ئەوی پێوە نەماوە، بەڵام بە ماوەیەكی كورت دوای قسەكانی حزبێكی دانا و هەموو پرۆژەو میدیاكانی كەوتنە خزمەت حزبەكەی و تا ئێستەیش بەردەوامن.

غالب محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان، بە"وشە"ی راگەیاند، "ئەو قسانەی پێشتر شاسوار لەبارەی فرۆشتنی كەناڵی ئێن ئاڕ تی كردبوونی، سەرتاپای راست نەبوون؍ ئەگەر ئێستە تەماشای ئێن ئاڕ تی بكەین، دەبینین بووەتە زمانحاڵی نەوەی نوێ؍ بەڵام ئێستە خەڵك هۆشیارە و كاغەزی سپی دەخوێنێتەوە".

غالب كە پەرلەمانتاری سنووری سلێمانییە، دەڵێ "شاسوار كەناڵێك دادەخات و كەناڵێك دەكاتەوە، نازانرێ ئیشی چی بەم كەناڵانە هەیە، ئایا بازرگانییە یان سیاسی، بۆ نموونە پێشتر كەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی كردەوە و دواتر دایخست؍ كەناڵی نەخێر و كوردنیوزی كردەوە و دایخستن؍ كارمەندەكانی ناردنەوە بۆ ماڵەوە و خەڵكێكی بێ ئیش كرد".

"ئێستەیش ئەو كابرایە بەنیازە كەناڵی ئاینی و منداڵان بكاتەوە و دیارە كارێكی بەمانەش هەیە؍ بەڵام هەر ئامێری كەناڵەكانی ترە كە دایخستوون و دەیانگوازێتەوە بۆ ئەم كەناڵانە؍ پاشان هەندێ كارمەندی نوێ وەردەگرێت بێ ئەوەی گوێ بداتە ئەوەی كە ئەم كارمەندەی دەیهێنێت، لەسەر ئەو مووچەیە قەرز دەكات و ژن دەهێنێت و كۆمەڵێ پڕۆژەی هەیە، بەڵام كە كەناڵەكەی داخست هەموو ئەو خەونانە لە بار دەبات" پەرلەمانتارەكە وای گوت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، كەناڵەكانی ئێن ئاڕ تی ئێستەیش لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە هاوكاری دارایی دەكرێن و بە فەرمانی ئەویش كار دەكەن؍ ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە كە شاسوار بۆ چەواشەكردنی خەڵك و مانەوەی بینەری كەناڵەكانی، باسی فرۆشتنیانی دەكرد.

كامیل عومەر مامۆستای بەشی راگەیاندن لە زانكۆی سلێمانی، بە"وشە"ی گوت كە كارێكی خراپە بتەوێت خەڵك بە قسەی ناڕاست چەواشە بكەی؍ چونكە پێشتر شاسوار باسی فرۆشتنی كەناڵەكانی دەكرد بەبێ ئەوەی هیچ روونكردنەوەیەك بدات یان گرێبەستی فرۆشتنی كەناڵەكان بۆ خەڵكی ئاشكرا بكات.

ئەو دەڵێت "یانی چی بێ ئەوەی روونكردنەوە بدەی و بڵێی كەناڵەكانم نەفرۆشتوون، باسی كردنەوەی كەناڵی تر دەكەی؍ دیارە هەموو كەس ئازادە كەناڵ دەفرۆشێت یان دایدەخات؍ بەڵام ناكرێ سیاسی بیت و متمانەی خەڵكی بەدەست هێنابێت، بەڵام بە درۆ و چەواشەكاری پاداشتیان بداتەوە".

سەلام عەبدوڵا رۆژنامەنووس و سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات /زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان/، بۆ "وشە" گوتی، "شاسوار عەبدولواحید ئەگەر پێشتر گوتبێتی كەناڵەكانم فرۆشتووە و ئێستە وا دەرنەچوون، دیارە ئەمە درۆی لەگەڵ جەماوەری خۆی و بینەری كەناڵەكانی كردووە".

سەلام عەبدوڵا پێی وایە، "كڕین و فرۆشتن لە ژیانی بازرگانیدا شتێكی ئاساییە؍ بەڵام خۆ دەبێت بەڵگەنامەكانت بۆ خەڵك بخەیتە ڕوو كە بڵێی بەم بەڵگەنامانە فرۆشتوومن".




وشە - تایبه‌ت