وەزارەتی خوێندنی باڵا: لە زانكۆی سلێمانی زۆرترین بڕوانامەی ساختەی توانستی ئینگلیزی هەیە

:: PM:08:33:14/01/2019 ‌
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕای دەگەیەنێت بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتەكەیان تایبەت بە بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی دەركەوتووە تا ئێستە 106 بڕوانامەی ساختە پێشكەشكراون و ڕێوشوێنی یاسایی و كارگێڕییان بەرانبەر گیراوەتەبەر.

ئەمڕۆ دووشەم 14ی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، دوای دەركردنی ڕێنوێنی ژمارە یەكی ساڵی 2016ی تایبەت بە وەرگرتنی نازناوی زانستی و ڕێنوێنی ژمارە چوار و پێنج ساڵی 2016ی تایبەت بە خوێندنی باڵا/ ماستەرو دكتۆرا، كە تیایدا مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی نێودەوڵەتی وەك مەرجی پێش دەست پێ كردنی خوێندنی ئەكادیمی ماستەر و دكتۆرا و وەرگرتنی نازناوی زانستی داندرا، ژمارەیەكی بەرچاو لە كاندیدان و قوتابیان و خوێندكاران و خوازیارانی وەرگرتنی نازناوی زانستی بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی نێودەوڵەتی پێشكەش بە وەزارەت و زانكۆكان كردبوو بەمەبەستی دەست پێ كردن بە خوێندنی ئەكادیمی و وەرگرتنی نازناوی زانستی.

لە راگەیەنراوەكەدا ڕوونكراوەتەوە دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە ڕاست و دروستی بۆ ئەو بڕوانامانەی پێشكەش بە وەزارەت و زانكۆكان كرابوون،  دەركەوت ژمارەیەك لە بڕوانامەكان ساختەن.

ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتەكە بڕوانامە ساختەكان بریتییە لە 106 بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی كە لە زانكۆی سەڵاحەددین/هەولێر 26 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی سلێمانی 48 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆ هەڵەبجە 12 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی گەرمیان پێنج بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی دهۆك چوار بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی زاخۆ سێ‌ بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی هەولێری پزیشكی دوو بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك دوو بڕوانامەی ساختە.

هەروەك ئاشكرا كراوە كە لە زانكۆی كۆیە یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی سۆران یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی ڕاپەڕینیش یەك بڕوانامە هەیە.

لە كۆتایشدا هاتووە، ئێستە فەرمانی زانكۆیی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا و وەرگرتنی نازناوی زانستی ئەو بڕوانامانە هەڵوەشاوەتەوە و ڕێوشوێنی یاسایی و كارگێڕی بەرانبەریان گیراوەتەبەر.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم