جیاواز له زۆربه‌ی شار و شارۆكه‌كانی باشووری كوردستان، گرووپێكی خۆبه‌خشی شاخه‌وانی كچان و كوڕانی قه‌ڵادزێ، به جۆش و خرۆشه‌وه خه‌ریكی وه‌رزشی شاخه‌وانین و به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ژینگه‌ی ناوچه‌كه به‌كۆمه‌ڵ روو به‌رزاییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه ده‌كه‌ن.
شاخه‌وانی, یه‌كێكه له‌و یارییانه‌ی له هه‌موو وه‌رزه‌كانی ساڵدا ئه‌نجام ده‌درێت. شۆڕش مه‌لایی سه‌رپه‌رشتی گرووپی شاخه‌وانی قه‌ڵادزێ، به"وشه"ی راگه‌یاند كه وه‌رزش به‌ده‌ر له هه‌ر كارێكی تری مرۆڤ، پێویستییه‌كی له‌شه، به‌تایبه‌ت وه‌رزشی شاخه‌وانی كه هه‌موو رۆژێكیش نه‌توانن، لانی كه‌م پێویسته هه‌فته‌ی جارێك بیكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی جێی هه‌موو وه‌رزشه سه‌خته‌كان ده‌گرێته‌وه و هه‌م بۆ ئاسووده‌یی ده‌روونیش پێویسته و كاتێكی خۆشیش به‌سه‌ر ده‌به‌ن به ئه‌نجامدانی ئه‌م وه‌رزشه.
به‌شی زۆری ئه‌ندامانی گرووپه‌كه‌یان پێك هاتوون له خوێندكار و زیاتر كار له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌ندامی كچ ده‌كه‌ن، هه‌یانه نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌یه یان نه‌خۆشیی بڕبڕه‌ی هه‌یه و به وه‌رزشی شاخه‌وانی چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت.
وه‌ك مه‌لایی باسی كرد، ئامانج له دامه‌زراندنی گرووپه‌كه‌یان پاكڕاگرتنی ژینگه‌ی ناوچه‌كه و پاراستنی ته‌ندروستی له‌ش و دووركه‌وتنه‌وه‌یه له جه‌نجاڵیی كاری رۆژانه‌یان, ئه‌وان مۆڵه‌تی فه‌رمییان له فیدراسیۆنی شاخه‌وانانی كوردستان وه‌رگرتووه و ساڵانه كۆبوونه‌وه و وۆركشۆپی تایبه‌ت به وه‌رزشی شاخه‌وانی رێك ده‌خه‌ن.
له‌باره‌ی ئه‌و هاوكاری و سه‌رچاوه داراییانه‌ی بۆ گرووپه‌كه ده‌كرێت، سه‌رپه‌رشتیاری گرووپی شاخه‌وانی قه‌ڵادزێ ئاشكرای كرد، "تا ئێسته هیچ كه‌س و لایه‌نێك هاوكاری نه‌كردووین و هه‌موو پێداویستییه‌كانیش خۆمان دابینی ده‌كه‌ین".
ئه‌وانه‌ی به‌شداری گه‌شته‌كان ده‌كه‌ن زیاتر خزم و ناسیاوی یه‌كترن، به‌شێكیشیان خوشك و برا و دایك و باوك به خێزانی به‌شداری ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاوشیوه‌ی وڵاتانی پێشكه‌توو وه‌رزشی شاخه‌وانی بكه‌ن به نه‌ریت و گرووپی گه‌وره‌تر و ئه‌ندامی زیاتر له شوێنه‌كانی تریشه‌وه راكێشن بۆ ناو گرووپه‌كه‌یان.
ئاڤان حه‌سه‌ن یه‌كێكه له ئه‌ندامانی گرووپه‌كه و ماوه‌ی چوار ساڵه بێ پچڕان گه‌شتی شاخه‌وانی ده‌كات. ئه‌و به"وشه"ی گوت، هه‌فته‌ی جارێك به گرووپ گه‌شتی شاخه‌وانی رێك ده‌خات و ئامانجیشی ته‌نیا بۆ ئارامبوونه‌وه‌ی مێشك و ده‌روونیه‌تی، جگه له‌مه بۆ پاراستنی ژینگه‌ی ناوچه‌كه به‌شداری له‌م وه‌رزشه‌دا ده‌كات.
ئه‌و كه‌لوپه‌ل و پێداویستییانه‌ی بۆ گه‌شته‌كان پێویسته هه‌ر شاخه‌وانێك پێی بێت، بریتییه له جلوبه‌رگ و پێڵاوی وه‌رزشی و دارده‌ستێك. ئاڤان ده‌ڵێت، بۆ گه‌شته‌كان پێویستییان به پاس هه‌یه و پێیان باشه تا ده‌ره‌وه‌ی شار به پاس بڕۆن، دواتر گه‌شته‌كه‌یان به‌ره‌و چیا ده‌ست پێ بكه‌ن.
گرووپی شاخه‌وانی قه‌ڵادزێ، له ساڵی 2009 دامه‌زراوه و پێكهاتووه له نزیكه‌ی 60 ئه‌ندام دابه‌ش بوون بۆ سه‌ر 35 ئه‌ندامی كچ و 25 ئه‌ندامی كوڕ كه له هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵدا به‌سه‌ر به‌رزاییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕێن.
فیدراسیۆنی شاخه‌وانی كوردستان, له ساڵی 2005 دامه‌زراوه و له ساڵی 2006دا به فه‌رمی له لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی كوردستان تۆمار كراوه. گرووپی شاخه‌وانی قه‌ڵادزێ زیاتر له نۆ ساڵه به‌رده‌وامه له چالاكیی و مۆڵه‌تی فه‌رمیشیان له فیدراسیۆنی شاخه‌وانی كوردستان وه‌رگرتووه.
مامۆستا مه‌ریوان كه سه‌رپه‌رشتیاری گرووپێكی تری شاخه‌وانییه له رانیه، له‌باره‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی به‌مه‌به‌ستی گه‌شتی شاخه‌وانی رووی تێده‌كه‌ن بۆ "وشه"ی روون كرده‌وه، ئه‌و شوێنانه بۆ شاخه‌وانی هه‌ڵده‌بژێرن كه سروشتێكی جوانی هه‌بێت و چیاكانی زۆر سه‌خت نه‌بن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو ته‌مه‌نێك له گرووپه‌كه‌یان ده‌بینرێت.
به‌گوته‌ی خۆی "هه‌ر شوێنێك به‌مه‌به‌ستی شاخه‌وانی رووی تێ ده‌كه‌ن، به‌درێژایی رێیه‌كه كار له‌سه‌ر پاككردنه‌وه‌ی ژینگه و سروشتی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن".
زیاتر ده‌ڵێت، "به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ناوچه‌كه‌مان پێك هاتووه له شاخی سه‌خت و ناوچه‌ی به‌رز، بۆ ئاماده‌كاری هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو، ئێمه فریاگوزاری سه‌ره‌تایی له‌گه‌ڵ خۆماندا ده‌به‌ین، زۆر جار ئه‌گه‌ر شوێنه‌كان زۆر سه‌خت بن، ئامبوڵانسیشمان له‌گه‌ڵ ده‌بێت".
له به‌رانبه‌ردا به‌ختیار حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزش و لاوانی راپه‌ڕین، به"وشه"ی راگه‌یاند، تا ئێسته دوو گرووپی شاخه‌وانییان هه‌یه كه مۆڵه‌تیان له‌وان وه‌رگرتبێت، گرووپێك له قه‌ڵادزێ و گرووپێكی تر له رانیه، چه‌ند گرووپێكی تریش به‌بی مۆڵه‌ت چالاكییان هه‌یه.
وشه/ راپه‌ڕین- شادان به‌كر