ئۆلێ جۆنار سۆڵشایەری راهێنەری كاتی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بڕیاریداوە مەڕوان فیلاینی یاریزانی ناوەڕاستی بەلجیكی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێستای یاریزاناندا بفرۆشێ.
یاریزانەكە هاوینی رابردوو نزیك بوو یاریگەی ئۆڵد ترافۆڕد جێبێڵێ، بەڵام بەفەرمانی جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ یانەكە ئیمزا كرد.
ماڵپەڕی (talkSPORT)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: سۆڵشایەر دەستی بە هەنگاوەكانی چاكسازی لە یانەی مانچستەر یونایتد كردووە و بڕیاریداوە چەند یاریزانێكی تیپەكەی دەربكات.
یەكێك لەو یاریزانانەی كە راهێنەرە نەرویجییەكە بڕیاری فرۆشتنی داوە مەڕوان فیلاینییە و داواشی لە بەرپرسانی یانەكە كردووە بەزووترین كات ئەم یاریزانەی تیپەكەی بخەنە بازاڕی فرۆشتنی یاریزانانەوە.
لەوەتەی سۆڵشایەر ئەركی راهێنەرایەتی یانەی مانچستەر یونایتدی وەرگرتووە فیلاینی فەرامۆش كردووە و لە 6 یاریی رابردوودا تەنیا بۆ ماوەی 30 خولەك یاریی پێ كردووە، ئەمە لە كاتێكدایە كە مۆرینۆ لە یارییەكانی یانەكەدا هەمیشە پشتی بەم یاریزانە دەبەست.
فیلاینی خۆشی لەوە تێگەیشتووە كە دوای دەركردنی مۆرینۆ لە یانەی مانچستەر یونایتد بێ پشت و پەنا ماوەتەوە و هەر لەبەر ئەمەشە خۆی پێی باشە لەم زستانەدا بەیەكجاری یانەكە جێبێڵێ.
جێی باسە تا ئێستا تەنیا یانەی میلانی ئیتاڵی ئامادەیی كڕینی ئەم یاریزانە تەمەن 31 ساڵییەی پێشانداوە.