بەرشەلۆنە شوێنگرەوەی سوارێزی دیاری كردووە

:: AM:10:16:15/01/2019 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێكی نوێ بكات لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی یاریزاناندا بۆ ئەوەی شوێنی لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی بگرێتەوە.

یانەكە هەفتەی رابردوو مونیر حەدادی هێرشبەری تیپەكەی فرۆشت بە یانەی سڤیلییە، بەمەش ئێستا هیچ هێرشبەرێكی یەدەگ بۆ شوێنگرتنەوەی سوارێز لە تیپەكەدا نییە.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریداوە لەم زستانەدا هەوڵ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كریستیان ستوانی هێشبەری یانەی گیرۆنای ئیسپانی بدات.

ئەم هێرشبەرە ئۆرگواییە لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیسپانیادا تا ئێستا ئاستێكی ناوازەی لە خولی ئیسپانیا پێشكەش كردووە و توانیویەتی 12 گۆڵ بۆ یانەی گیرۆنا تۆمار بكات.

ستوانی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی گیرۆنا تەنیا 15 ملیۆن یۆرۆیە و ئەم نرخەكەش بۆ یانەی بەرشەلۆنە گونجاوە تا گرێبەستی لەگەڵ بكات.

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە بە ئاستی ستوانی سەرسامە كە ئێستا لە تەمەنی 32 ساڵیدایە.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە تا ئێستا بەفەرمی هەنگاویان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ستوانی دەست پێ نەكردووە، بەڵام رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا كارەكان دەست پێ بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م