شەپۆڵێكی تری بەفر و باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

:: AM:10:36:15/01/2019 ‌
كەشناسی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات لە سبەی شەپۆڵێكی بەفر و باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرماش دادەبەزێت.

ئەمڕۆ سێشەم 15ـی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان هاتووە، ئاسمان بۆ ئەمڕۆ تا ڕادەیەك جێگیر دەبێت و پەڵە هەور دەبێت.

كەشناسی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كردووە، سبەی چوارشەم لە دوای نیوەڕۆ ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و لە ئێوارەدا بۆ هەوری تەواو لەگەڵ بارینی باران، هەروەها بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان.

ئاماژە دراوە، ئەو شەپۆڵە هەوایە پلەكانی گەرمی نزم دەكاتەوە و لە نێوان سێ‌ بۆ 14ـی پلەی سیلیزی دەبێت.

ئەو ڕاگەیەنراوەی كەشناسی لە كاتێكدایە لە دواین ڕاپۆرتی كەشناسی بۆ ڕێژەی بارانبارین لە هەرێمی كوردستان، تا ئێستە لە هەندێك شوێنە گەیشتووە بە هەزار و 100 ملم و پێشبینی زیادبوونی ئەو ڕێژەیە بۆ هەزار و 500 ملم دەكرێت لەگەڵ بارینی بەفرێكی زۆر لە ناوچە شاخاوییەكان.

هەرێمی كوردستان كاریگەرە بەكەشوهەوای دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، ساڵانە لە هەندێك شوێن زیاتر لە هەزار ملم باران دەبارێت.








وشە - رامیار جەواد