ئەمەریكا بەغدا لە مەترسی دەركردنی هێزەكانی ئاگادار دەكاتەوە و هۆشداری توندی دەداتێ

:: AM:11:07:15/01/2019 ‌
لە كاتێكدا هێزەكانی لە سووریا بەرەو عێراق دەكشێنێتەوە، ئێران لە بەغداوە لە رێی پەرلەمان هەوڵی دەركردنی یاسای دەركردنی هێزە بیانییەكان دەدات. وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق هۆشداری توندی دا لە مەترسی دەرچووانی وەها یاسایەك و گرەویش لەسەر كورد دەكات شەڕە یاساییەكەی لە پەرلەمان بۆ بكات دوای لە دەستدانی هێزە سوننە و شیعەكان.

ئامانجی سەردانەكەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاشكرا دەبێت، پۆمپیۆ لە سەردانەكەیدا بە فەرمی هۆشداری توندی لەمەڕ مەترسی دەركردنی یاسای دەركردنی هێزە بیانییەكان لە پەرلەمانی عێراق دەگەیەنێتە بەرپرسانی بەغدا، پەیامەكەی ئەمەریكا لە دەرئەنجامی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەوە بووە بۆ بەرپرسانی بەغدا و پێی راگەیاندوون، دەرچوواندنی وەها یاسایەك زیانێكی زۆر گەورە لە پێوەندییەكانی هەردوو وڵات دەدات، ئەمەش لە كاتێكدایە باڵانسی هێز لە پەرلەمانی عێراق لە بەرژەوەندی ئەمەریكادا نییە.

كەسایەتییەكی سیاسی باڵای عێراقی ئاشكرای دەكات، پۆمپیۆ لە سەردانی بۆ بەغدا ئەو پەیامەی بە روونی گەیاندووتە سەركردە سیاسییەكانی عێراق.

ورووژاندنی ئەو پرسە لەلایەن ئەمەریكا، لە كاتێكدایە ئێران لە رێی حزبە شیعەكانی نزیك لە خۆی لە هەوڵدایە لە رێی پەرلەمان وەها پڕۆژە یاسایەك بخاتە كارنامە و بە دەرچوواندیشی حكوومەت ناچار دەكات داوا لە هەموو هێزە بیانییەكان بكات پێش 2020 خاكی عێراق جێ بهێڵن، سوپای ئەمەریكاش یەكێك دەبێت لەوان.

بەگوێرەی زانیارییەكان كە بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان پشتڕاستی دەكەنەوە، عەدنان فیحان سەرۆكی لیستی سادقوون كە سەر بە عەسائیب ئەهلی حەقە كە خەزعەلی سەركردایەتی دەكات، دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ لیستەكانی تری ناو پەرلەمان كردووە تا رازییان بكات بۆ تێپەڕاندنی وەها پڕۆژە یاسایەك كە ئامانجی سەرەتا و كۆتایی دەركردنی سوپای ئەمەریكایە لە عێراق.

عەسائیب ئەهلی حەق دەركردنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق، بەڵێنی سەرەكی بانگەشەی هەڵبژاردنی بوو، ئەو ملیشیا چەكدارییەی حەشدی شەعبی بە پشتگیری سیاسی ئێران لە هەڵبژاردنی رابردوو توانی 15 كورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنێت لەو كاتەی لە خولی پێشتر تەنیا یەك كورسی هەبوو.

قەیس خەزعەلی كە سەركردایەتی ئەو جووڵانەوەیە دەكات، هەر لە سەرەتاوە بە دژایەتی ئەمەریكا دەستی پێ كردووە، ئێستەش هەوڵەكانی بۆ دەستخستنی كورسییەكی زۆر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان چڕ كردووەتەوە، ئەمەش یارمەتی دەدات پڕۆژە سیاسییەكەی زیاتر فراوانتر بكات.

خەزعەلی نایشارێتەوە كە ئامانجی یەكەمیان ئەمەریكایە، بەڵام دەبێت هێزەكانی ئیتاڵی كە بەنداوی مووسڵ دەپارێزن، هێزەكانی توركیا كە لە نزیك موسڵ هەن لە عێراق بچنە دەرەوە.

ئەگەرچی پێشتر باسكردنی دەچوواندنی وەها یاسایەك زیاتر لە دیوە میدیاییەكە بوو، بەڵام ئێستە زۆر لە لیستەكانی پەرلەمانی بە تایبەت شیعەكان كاری لەسەر دەكەن، لە كاتێكدا كورد و سوننە ئامادە نین بچنە ژێرباری وەها پڕۆژەیەك.

مایك پۆمپیۆ كە هەفتەی رابردوو سەردانی عێراقی كرد، لەگەڵ سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان لە بەغدا كۆ بووەوە، پاشان سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ بارزانی و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستان كۆ بووەوە. ئامانجی سەردانەكەی گەیاندنی پەیامی هۆشداری و پرسی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بوو، بۆیە چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی تەنانەت ورووژاندنی وەها پڕۆژە یاسایەك لەناو پەرلەمان هێزەكانی تری دەرەوەی ژێر عەباكەی ئێران دووچاری شەرمەزارییەكەی زۆر گەورەی سیاسی دەكات.

دوا بە دوای سەردانەكەی پۆمپیۆ، جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە شاندێكی 40 كەسایەتی خۆی گەیاندە بەغدا. وەزیری دەرەوەی ئێران كە ئێوارەی یەكشەمی رابردوو گەیشت و بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەم 15ی كانوونی دووەم/ یەنایەر گەیشتە هەولێر، ئەمیش یەكێك لە ئامانجەكانی سەردانەكەی گەیاندنی رێنوێنی ئێران بوو بۆ لیستەكانی ناو پەرلەمانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی وەها یاسایەك لە پەرلەمان، هاوكات پتەوكردنی پێوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانی نێوان بەغدا و تاران، لە وەختێك ئەمەریكا هەفتەی رابردوو رای گەیاند چاوپۆشی بۆ هیچ وڵاتێك لە بازرگانی لەگەڵ ئێران درێژ ناكەنەوە، كە ئەمەش مەترسییەكی گەورە لەسەر عێراق دورست دەكات بە تایبەت لە سێكتەری كارەبا.

هەوڵەكانی هێزە شیعەكان تەنیا لە پەرلەمان قەتیس نەبووە، بەڵكو لە ئاستی میدیا و شەقامی شیعیدا ماوەیەكی زۆرە كاری لەسەر دەكرێت و خەڵكی بۆ هان دەدرێت. 

چاودێرانی سیاسی كۆكن لەسەر ئەوەی كە هیچ هێزێكی سیاسی شیعی بەتایبەت ئەوانەی نوێنەرایەتی میلیشیا چەكدارەكان دەكەن، ناتوانن لەمپەر دروست بكەن بۆ تێنەپەڕاندنی وەها یاسایەك، چونكە باجێكی زۆر كوشندە لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەدەن، بەو پێودانگەی ئەوەی ئێستە بەدەستیان هێناوە بە پاڵپشتی ئێران بووە.
 
بەڵام دۆخەكە لە شەقامی سوننە جیاوازە، ئەو لیستانەی ئێستە لەسەر شیعەكانی سەر بە ئێران لە پەرلەمانی عێراق ئەژمار دەكرێن، بەگوێرەی پێشبینی شارەزایان و چاودێرانی سیاسی، ئەوا ئەوان بێدەنگی هەڵدەبژێرن بەرانبەر بە جووڵەی ئێرانییەكان بۆ دەركردنی پڕۆژە یاسایەكە دژ بە ئەمەریكا.

 بێدەنگی بەشێكی زۆری هێزە سوننەكان، وایكردووە ئەمەریكا گرەو لەسەر كورد بكات كە بتوانێت بە دەنگی بەرز بڵێ نەخێر، هەروەها رێگری لە دەرچوواندنی بكات. ئەمەیش وایكردووە بەرپرسانی ئەمەریكی لە هەموو سەردانەكانیان بۆ عێراق، ئەوا سەردانی هەولێریش بكەن و هەوڵی زیندووكردنەوەی پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەولێر بدەن كە دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوولی 2017، ساردوسڕی تێكەوت.

ئاماژەكان شاراوە نین، كاتێك ئەمەریكا بڕیاری كشانەوەی لە سووریا دا و رووگەی لە عێراق، هەولێر بوو كە پێشوازی لە هاتنی سوپای ئەمەریكا كرد.

چاودێران دەڵێن ئەگەر ئەمەریكا سەركەوتوو نەبێت لە رێگریكردن لە دەرچوونی وەها پڕۆژە یاسایەك لە پەرلەمانی عێراق، ئەوا بە ناچاری هەموو هێزە سەربازییەكانی لەسەر خاكی عێراق دەكشێنێتەوە بەرەو هەولێر و ناوچە كوردستانییەكان دێت.

ئەمەریكا تاكە چەكی لە عێراق، گوشاری سیاسییە تا بتوانێ رێگری لە دەرچوواندنی وەها یاسایەك بكات لە كاتێكدایە هێزەكانی سەر بە ئێران لە پەرلەمانی عێراق زۆرینەن و رژدن لەسەر دەرچوواندنی یاساكە وەك پاداشتێك بۆ پاڵپشتییە سیاسی و لۆجستی و سەربازییەكانی ئێران بۆ گرووپە میلیشیاكانی چەكدارانی حەشد. 

 هاوكێشەكان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران روونن، بەڵام لە عێراق بە جۆرێك ئاڵۆز بووە چونكە بەغدا ناتوانێ لەسەر پشتگیری لە تاران بكات و پشت لە واشنتن، بە پێچەوانەوەش هەر راستە و ناشتوانێ خواستی هەردوولا رابگرێت، چونكە ئەمەریكا و ئێران بەوە رازی نین.

رەنگە درێژكردنەوەی چاوپۆشی لە پێوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان عێراق و ئێران یەكێك بێت لە بژاردەكان كە ئێران دەیەوێ بیگۆڕێتەوە بەرانبەر بە مانەوەی سوپای ئەمەریكا. بەڵام كاتێك ئەمەریكا گوشارەكانی لەسەر بەغدا توندتر دەكات بۆ پابەندبوون بە سزاكانی سەر ئێران، ئەوا ئێرانیش گوشارەكانی لەسەر بەغدا توند دەكات بە دەركردنی وەها پڕۆژەیەك كە هیچ حكوومەتێك لە بەغدا ناتوانێ جێبەجێ بكات و هێزی ئەمەریكا لە عێراق دەربكات دوای كشاندنەوەی لە سووریا.

چاودێرانی سیاسی كۆكن لەسەر ئەوەی ئەمەریكا پێشبینی دەكات ئێران لە رێی دامەزراندنی بنكەیەكی بەرگری یاسایی لە بەغدا شەڕی دژ بە ئەمەریكا لە بەغدا دەكات، بەجۆرێك لە یەك كاتدا داوای دەركردنی سوپای ئەمەریكا دەكات و ئازادیش دەداتە سەربازانی ئێرانی لە سنوورەوە ئازادانە بێن بۆ عێراق و جووڵە بكەن.

چاودێران كە قسەیان بۆ رۆژنامەی "عەرەب" كردووە، دەڵێن ئەگەر ئێران لەوەدا شكست بهێنێت، ئەوا حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی رووبەڕووی سەرئێشەیەكی زۆر دەبێتەوە لە پەرلەمان كە زۆرینەی لەو هێزانەن نزیكن لە تاران.

ئەگەرچی موقتەدا سەدر لە بەرەی ئێران ئەژمار ناكرێت، بەڵام لە پرسی دەركردنی هێزەكانی بیانی لە عێراق ئەوا پشتگیری دەكات، ئەمەش نیشانی دەدات لە دوای 2003 تا ئێستە هیچ كات ئەمەریكا هێندە بێ پشتگیری یاسایی نەبووە لە ناو پەرلەمانی عێراق، ئەمەش ناچاری كردووە گرەو لەسەر كورد بكات.



وشە - فه‌رمان سادق