ئێمری داوای لە ئۆزێل كردووە یانەی ئارسناڵ جێبێڵێ

:: AM:11:09:15/01/2019 ‌

رەنگە مانەوەی مەسعوود ئۆزێڵی ئەستێرەی ئەڵمانی لە ریزی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی زیاتر درێژە نەكێشێ بە تایبەتیش دوای ئەوەی لەلایەن ئۆنای ئێمری راهێنەری یانەكەوە فەرامۆشكراوە.

ئۆزێل لە دوایین یاریی یانەی ئارسناڵیش بەرامبەر یانەی وێست هام یونایتد بەفەرمانی ئێمری یاری پێ نەكرا و بەشێوەیەكی گشتیش لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا فەرامۆش كراوە.

لەلایەكی ترەوە ئێمری ئێستا خەریكی ئەوەیە بەرپرسانی یانەكەی رازی بكات گرێبەست لەگەڵ دینیس سوارێزی یاریزانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئیمزا بكەن و پێشی وایە ئەم یاریزانە لاوە دەتوانێ زیاتر لە ئۆزێل لە یانەكە كاریگەری لە یارییەكانی داهاتوو دروست بكات.

رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: ئێمری راستەوخۆ داوای لە ئۆزێل كردووە یانەیەكی تر بۆ خۆی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بە پارەكەی بتوانێ لەم زستانەدا گرێبەست لەگەڵ سوارێز بكات.

راهێنەرەكە پێشتر لە چەند چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو كە لەم زستانەدا گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێكی نوێ ناكات، بەمەش ئەگەر سوارێز بهێنێتە یانەكەیەوە بەشێوەی خواستن تا كۆتایی ئەم وەرزە دەبێت.

لەلایەكی ترەوە ئۆزێل بۆتە بارگرانی بەسەر یانەی ئارسناڵەوە بەهۆی زۆری مووچەكەیەوە كە زۆرترین مووچە لە یانەكە وەردەگرێ كە هەفتانە 350 هەزار پاوەنە، هەر لەبەر ئەمەشە بەرپرسانی یانەكە پشتگیری لە بڕیاری راهێنەرەكەیان بۆ فرۆشتنی دەكەن.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: ئێمری بە كەسە نزیكەكانی خۆی گوتووە ئۆزێلی لە هەژمارەكانی ئەم وەرزەی تیپەكەی دەرخستووە پێشی وایە ناتوانێ كاریگەری گەورە لەسەر ئەنجامەكانی یانەكەی دروست بكات.

ئۆزێل بەشێوەیەكی گشتی لەم وەرزەدا تا ئێستا بەشداریی لە 16 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكانی یانەی ئارسناڵ كردووە و تەنیا 4 گۆڵی دروست كردووە، ئەم وەرزەش بۆ ئۆزێل خراپترینە لەوەتەی لە هاوینی 2013 لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پەیوەندی بە خولی نایابی ئینگلیزییەوە كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م