یارییەكانی ئەمشەوی جامی ئاسیای 2019

:: AM:11:33:15/01/2019 ‌

ئەمڕۆ سێشەم سەعات 7ی ئێوارە 2 یاریی گرینگ لە كۆمەڵەی دووەمی جامی ئاسیای 2019 بەڕێوە دەچێت و هەڵبژاردەكانی ئوستڕالیا و سووریا و فەڵەستین هەوڵی گەیشتن بە قۆناغی 16 دەدەن.

لەم كۆمەڵەیەدا هەڵبژاردەی ئوردن بە كۆكردنەوەی 6 خاڵ سەركەوتنی بۆ قۆناغی 16 مسۆگەر كردووە، هەڵبژاردەی ئوستڕالیاش 3 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی دووەمە، هەڵبژاردەكانی سووریا و فەڵەستینیش بە خاڵێك و بەجیاوازی گۆڵ لە ریزی سێیەم و چوارەمدان.

یارییەكەی ئەم كۆمەڵەیە كە ئەمشەو بەڕێوەدەچن برێتین لە:-

ئوستڕالیا – سووریا

فەڵەستین – ئوردن

لە یارییەكەی یەكەمدا هەر كام لە هەڵبژاردەكانی ئوستڕلیا و سووریا سەركەوتن بەدەست بێنن سەردەكەون بۆ قۆناغی 16ی جامی ئاسیا، بەڵام هەڵبژاردەی سووریا بەیەكسانبوونیش لە پاڵەوانیەتییەكە دەردەكرێ.

لە یارییەكەی دووەمیشدا هەڵبژاردەی فەڵەستین جگە لەوەی ئەركی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن قورسە، سەركەوتنیشی بۆ قۆناغی 16 تا رادەیكی زۆر قورسە.

جێی باسە سبەی چوارشەم یاریی لوتكەی كۆمەڵەی چوارەم لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئێران و عێراق ئەنجام دەدرێ، هەرچەندە هەردوو هەڵبژاردەكە سەركەوتنیان بۆ قۆناغی 16 مسۆگەر كردووە، بەڵام هەردووكیان شەڕی ئەوە دەكەن بەیەكەمی كۆمەڵەكەیان سەركەون تا لە قۆناغی داهاتوودا رووبەڕووی هەڵبژاردەیەكی ئاسانتر ببنەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م