ڕاگەیەندراوێك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان

:: AM:11:42:15/01/2019 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاو دەكاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 15ـی كانوونی دووەم، ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردۆتەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی باڵای یاوەری كرد.

لە  كۆبۆنەوەیەكدا پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران و گرنگیی بەدەوامیی هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی یەكجاریی تیرۆر لە ناوچەكە تاوتوێ كرا و هەردوولا هاوڕا بوون كە هێشتە مەترسیی تیرۆر لە ئارادایە و بۆ نەهێشتنی ئەو‌ مەترسییە دەبێ هەموو لایەك هاوكار هەماهەنگ بن.

نێچیرڤان بارزانی دووبارە سوپاسی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی لە شەڕی داعشدا پێشكەش بە هەرێمی كوردستانی كردووە و دووپاتی لە گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی وڵاتانی ناوچەكە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و نەهێشتنی كردەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا زەریف خۆشحاڵی و پشتگیریی خۆی و وڵاتەكەی بۆ بەرەوپێشچوونی پێوەندییەكانی هەولێر - بەغدا نیشان دا و هیوای خواست هەموو كێشە و گرفتەكان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكرێن.

چۆنیەتیی پەرەپێدانی پێوەندییەكان لە بواری بازرگانی، كولتووری، كشتوكاڵی، زانستی و بوارەكانی دیكەدا و هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەكە بەگشتی، بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.





وشە - رامیار جەواد