لەم چێشتخانەیە ژەمە خۆراکەکەت تەواو نەکەیت پارەی زیادت لێ دەسێندرێت

:: PM:02:18:15/01/2019 ‌
لە چێشتخانەیەکی دوبەی، ڕێگەیەکی سەیر دەگرنە بەر بۆ ئەوەی ناچارت بکەن ئەو ژەمە خۆراکەی  بۆت دانراوە تەواوی بکەیت و هیچی لێ نەهێڵیتەوە.

ماڵپەڕی لبنان٢٤ بڵاوی کردەوە، چێشتخانەیەک لە ناوچەی بەرشە لە دوبەی، بە بڕی 15 دۆلاری ئەمەریکی ئەو کەسانە سزا دەدات، کە ئەو ژەمە خۆراکەی  داوایان کردووە بۆیان بێت، تەواویان نەکردووە و لێیان ماوەتەوە.

ئەم سزایە تەنیا شموولی ئەو کەسانە دەکات، کە پێشتر ناویان نووسیوە و بەشدارییان لە ئۆفەرێکی تایبەت بە چێشتخانەکە کردووە، لەوەشدا میوانی چێشتخانە دوای ئەوەی ژەمێک داوا دەکات، دەتوانێت بۆ ماوەی دوو سەعات هەموو خواردنەوە و خواردنێک بێ بەرانبەر داوا بکاتەوە، بەو مەرجەی هەمووی تەواو بکات و لێی نەمێنێتەوە، دەنا بە بڕی 15 دۆلارەکە سزا دەدرێت.

ئیدارەی چێشتخانەکە بڵاویان کردووەتەوە، ئەم کارەیان تەنیا لەبەر ئەوە کردووە، تا وا لە میوانان بکەن جوان بیر لەو خۆراکە بکەنەوە کە داوای دەکەن، هەمووی تەواو بکەن و هیچ خۆراکێک لە دوای خۆیان بەجێ نەهێڵن.


وشە - ڕێناس شابان