فێڵێكی ئاسیاسێل لە فەرمانبەران ئاشكرابوو

:: PM:02:46:15/01/2019 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای دەگەیەنێت، چەند سكاڵایەكیان لە لایەن هاووڵاتییانەوە بۆ هاتووە لەسەر گرانكردنی یەكەی مانگانەی سیمكارتێكی ئاسیاسێڵ و دەڵێت، بانگهێشتی نوێنەری یاسایی ئاساسێڵ و بەڕێوەبەرایەتی گەیاندنی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجوومەنەكەیان دەكەن تا روونكردنەوە لەسەر ئەو بڕیارە بدەن.

ئەمڕۆ سێشەم 15ی كانوونی دووەم، ئەكرەم شەریف ئەندامی‌ ئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بە "وشە"ی‌ راگەیاند، دوای‌ ئەوەی‌ لە ماوەی‌ رابردوودا كۆمپانیای‌ ئاسیاسێڵ سیمكارتێكی‌ تایبەتی‌ بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشكرد بە ئۆفەرێكی‌ نوێ و بۆ هەر مانگێكیش بە شەش هەزار دینار كارا دەكرا، بەڵام ئێستە هاووڵاتییان لەگرانكردنی‌ ئەو نرخە بۆ 10 هەزار دینار ئاگادار كراونەتەوە.

زیاتر گوتی، لە رێی‌ كورتەنامەوە هاوبەشەكان ئاگاداركراونەتەوە كە لە 24ی‌ ئەم مانگەوە هەر هاوبەشێك ئەو سیمكارتەی‌ وەرگرتبێت دەبێت مانگانە بەباڵانسی‌ 10 هەزار دیناری‌ پڕی بكاتەوە، ئەوكاتیش هەر بەهەمانشێوە بۆ مانگێك كارا دەبێت.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، وەك ژمارەیەك لە ئەندامانی‌ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی یاداشتێكیان بۆ دەستەی‌ سەرۆكایەتی‌ ئەنجوومەن بەرزكردووەتەوە تا داوا لە بەڕێوەبەری‌ گواستنەوە و گەیاندن و نوێنەری‌ یاسایی ئاسیاسێڵ بكرێت بۆ ئەوەی‌ ڕۆژی‌ یەكشەم بێنە ئەنجوومەن و وردەكاری‌ ئەو پرسەمان پێبڵێن.

سیمكارتەكەی ئاسیاسێڵ كە لەناو هاووڵاتییاندا بە سیمكارتە بەلاشەكە ناسراوە، لە ماوەی رابردوودا بەسەر فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسدا دابەشكرا و ژمارەیەكی زۆری لێ دابەش كرا، بەڵام ئێستە یەكەی ئەو سیمتكارتە گران كراوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم