"وشە" زانیاری ناو كۆبوونەوەكەی پارتی و گۆڕان ئاشكرا دەكات

:: PM:02:54:15/01/2019 ‌
كۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە كۆتا هات و لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە كە شاندێكی نێوان ئەو دوو حزبە پێكەوە بەرنامەی كاری حكوومەتی داهاتووی كوردستان ئامادە بكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە، ئەوە سێیەم جارە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت كۆ دەبێتەوە و دوێنێیش كۆبوونەوەیەكی تری لەگەڵ یەكێتی ئەنجامدا. وەك ئەوەی بەرپرسانی پارتی ئاماژەی بۆ دەكەن دەیانەوێ‌ یەكێتی و گۆڕان بەشداری پێبكەن لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم 15ی كانوونی دووەم، شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كۆبوونەوە بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە كۆبوونەوەكەدا گۆڕان‌ و پارتی بڕیاریاندا دوو لیژنە پێكبهێنرێت، كە تایبەت بن بەدیاریكردنی كارنامەی حكوومەت‌ و پێوەرەكانی پێكهێنانی و نووسینەوەی بەرنامەكە.

سەرچاوەیەكی ناو گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكە زۆر ئەرێنی بووە و پارتی رەزامەندبووە لەسەر داواكارییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان. هەروەك دووپاتی لەوە كردەوە كە ڕێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان نزیكە.

جێی بیرهێنانەوەیە كە مەسروور بارزانی راویژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی كوردستان.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم