وەزیری دەرەوەی فڕەنسا چی بە سه‌رۆك بارزانی گوت؟

:: PM:03:45:15/01/2019 ‌
هێمن هەورامی ئەندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان زانیاری لەسەر كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی فڕەنسا بڵاو دەكاتەوە و باس لەوە دەكات، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا بە سەرۆك بارزانی راگەیاندووە پێكەوە رێیەكی دوور و دژوارمان بڕی لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش.

ئەمڕۆ سێشەم 15ی كانوونی دووەم، سەرۆك بارزانی پێشوازی كرد لە ژان لۆدریان وەزیری دەرەوەی فڕنسا جیا لە راگەیەنراوی فەرمی كۆبوونەوەكە، هێمن هەورامی ئەندامی شاندی پارتی و بەشداربوونی كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی فڕەنسا لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، لە كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فڕەنسادا، دووپات لەبەردەوامی پشتیوانی فڕەنسا بۆ هەریمی كوردستان كرایەوە.

هێمن هەورامی دەڵێت، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا بە سەرۆك بارزانی راگەیاندووە پێكەوە رێیەكی دوور و دژوارمان بڕی لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و هێشتا رێیەكی دوورترمان لەبەردەمدایە بۆ كاری پێكەوەیی لە بواری سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و دووپاتی كردەوە فڕەنسا لەو پشتیوانیانەی بۆ گەلی كوردستان بەردەوام دەبێت.

وەزیری دەرەوەی فڕەنسا شەوی رابردوو سەردانی هەولێری كردوو لەگەڵ سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، لە هەموو ئەو كۆبوونەوانەدا دووپاتی لە بەردەوامی پێوەندییەكانی فڕەنسا لەگەڵ كوردستان كردەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم