گەشتیارانی كوردستان بە دیاریی چین و ئێرانەوە دەگەڕێنەوە

:: PM:03:50:26/12/2016 ‌

ئەو گەشتیارانەی لە كوردستان دەمێننەوە، تەنیا چەند كەلوپەلێكی دروستكراو لە ئێران و چین وەك دیاریی كولتووریی كوردستان بۆ وڵاتەكانی خۆیان دەبەنەوە. ئەمە كێشەیەكە كە دەستی گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی چارەسەركردنی دەدات. 

لە ژوورێكی دوا پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، چەند كارێكی دەستیی كە گوزارشتیان لە هێماكانی هەرێمی كوردستان دەكرد، نمایش كرابوون. سەرەڕای ئەوەی چەندان كۆمپانیای بیانی لەو پێشانگەیەدا ئامادە بوون و هەندێكیان بۆ یەكەم جاربوو كە سەردانی كوردستانیان كردووە، بەڵام ئەو ژوورە كەمترین سەردانكاری هەبوو. 

محەمەد مستەفا، خاوەنی ئەو ژوورەیە و هەموو كارە دەستییەكانی بۆ خۆی لە دار دروست كردووە. ئەو بە "وشە" دەڵێ، "لە ماوەی ئەو چوار رۆژەدا كە بەشداری پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێرم كرد، تەنیا بایی 40 هەزار دینارم فرۆشتووە".

ئەو هونەرمەندە كە پیشەی سەرەكیی مامۆستای بیركارییە، نزیكەی 30 ساڵە بەرهەمی كاری دەستی هەیە. ئەو، گلەیی لە لایەنی پێوەندیدار بە كەرتی گەشتیاری هەیە كە وەك پێویست ئاوڕیان لێ نادەنەوە، "ئەگەر نا دۆخیان زۆر باشتر دەبوو".

محەمەد بە "وشە" دەڵێ، "هیچ شتێكی كولتووریی دەستكرد لە كوردستان نییە بۆ ئەوەی گەشتیار وەك دیاری لەگەڵ خۆی بباتەوە. زۆربەی ئەو كەلوپەلانەی كە وەك كەلوپەلی كولتووریی كوردی ئێستە لە بازاڕەكانی كوردستانن، بەرهەمی وڵاتانی چین و ئێرانن".

گەورەترین كێشەی محەمەد كە وەك خۆی باسی لێ دەكات، نەبوونی شوێنی تایبەتە. ئەو هونەرمەندە چەندان جار داوای كردووە لەسەر قەڵای هەولێر شوێنێكی پێ بدەن، بەڵام لە وەڵامدا گوتوویانە كە "هەڵسوكەوت لەگەڵ شەخس ناكەین".

ئەو دەڵێ، "ئەگەر شوێنێكم بۆ دابین بكەن، دەتوانم هەلی كار بۆ 10-15 گەنج بڕەخسێنم و بەرهەمی زیاترمان دەبێ و ئەوانیش زۆر بە باشی فێر دەبن".

كێشەی بەرهەمی ناوخۆ
بە پیاسەیەك لە نێو شاری هەولێر و بەتایبەت دەوروبەری قەڵا، چەندان دووكان بەرچاو دەكەون كە كەلوپەلی دەستكرد و كولتووریی كوردی دەفرۆشن، بەڵام خاوەنی ئەو دووكانانەش لەگەڵ بۆچوونێكی محەمەد مستەفا هاوڕان. 



رزگار ئەحمەد، گەنجێكی دوكاندارە لە دەوروبەری قەڵای هەولێر و بەشێكی بچووكی لە دووكانەكەی تەرخان كردووە بۆ كەلوپەلە كولتووری و دەستكردەكان. 

رزگار بە "وشە" دەڵێ، "راستە، زۆربەی كلوپەلەكانی لای ئێمە لە وڵاتی ئێرانەوە دێن و كەمتریان لە ناو كوردستاندا دروست دەكرێن. ئێمەش حەز دەكەین ئەو شتانە لە نێو خۆماندا دروست بكرێن، چونكە ئەوكات بە نرخی هەرزانتر دەستمان دەكەوێ و بازاڕیشمان خۆشتر دەبێ".

ئەوە قسەی دووكاندارێكە، بەڵام محەمەد مستەفای هونەرمەند باس لە كێشەیەك دەكات كە رەنگە بەرۆكی زۆربەی بەرهەمە ناوخۆیی و خۆماڵییەكانی كوردستانی گرتبێتەوە، ئەویش "سووكبوونی" بەرهەمی خۆماڵییە.

ئەو هونەرمەندە دەڵێ، "چەندان كاتژمێری گەورەم بە شێوەی جوان دروست كرد و ناوی هەولێرم لەسەر نووسین، بەڵام هیچ كڕیارێكی نەبوو، بێگومان لەوەی ئەگەر ناوی چینی لەسەر بنووسرایە، ئەوا هەموو كەسێك دەیكڕی".

پلان و بەرنامەی حكوومەت
دەستەی گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە تەواوی هەستی بەو كێشەیە كردووە، بۆیە "پلان و بەرنامەی تایبەت"ی بۆ داناوە.

یەك لەو بەرنامانە، پشتگیرییە لە كەرتی تایبەت و هەر لەو ئاراستەیەشدا دەستەكە ژووری لەسەر ئەركی خۆی بۆ محەمەد مستەفا لە نێو پێشانگەی نێودەوڵەتیدا گرتبوو. ئەگەر بەو شێوەیە نەبووایە، محەمەد كە لەو چوار رۆژەدا بایی 40 هەزار دیناری كەلوپەل فرۆشتبوو، دەبوو سەرووی دوو هەزار دۆلاری بە بەڕێوەبەرانی پێشانگەكە وەك كرێی ژوورەكە بدایە.

دەستەی گەشتوگوزار ئامادەیی بۆ پشتگیری لە كەرتی تایبەت كردووە و دەیانەوێ لە رێگەی بەبازاڕكردنی بەرهەمەكان، بەشداری لە پێشانگە و چالاكییەكان و تەرخانكردنی شوێنێك بۆ ئەو بەرهەمانە، هاوكاری ئەو كەسانە بكات كە خاوەن كاری دەستی و كولتوورین.

نادر رۆستی گوتەبێژی ئەو دەستەیە بە "وشە" دەڵێ، "وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر داوای ئێمە زەوی بۆ ئەو خاوەن پیشانە تەرخان كرد، بەڵام زەوییەكە دوور لە ناوەندی شار بوو، بۆیە گونجاو نەبوو. ئێستە بڕیارە لەسەر قەڵای هەولێر خانوویەك بدرێ بە دەستەی گەشتوگوزار و لەوێ ژوور بە خاوەن پیشەكانی كاری دەستی و كولتووری بدرێ".

كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، پلانی ستراتیژیی تا ساڵی 2025ی بۆ داڕێژراوە و وەك نادر رۆستی دەڵێ، "بە رێژەیەكی بەرچاو كار لەسەر هەر 10 تەوەری ناو ماستەرپلانەكە كراوە".

وشە/ هەولێر – كاوە جەم 


وشە - تایبه‌ت